ئەگەری هەیە دەنگ لەسەر حەوت وەزارەتی تری حكوومەتی عێراق بدرێت

:: PM:09:37:11/06/2026 ‌

دوای ئەوەی لە 14ی ئایاری رابردوو كابینە و كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر درا، تا ئێستە نۆ وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە و كێشە و ناكۆكییان لەسەرە، دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گڵۆپی سەوزی بۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران هەڵكرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر كاندیدی ژمارەیەك وەزارەتی تر بدرێت، وەك شرۆڤەكارێكی شیعە وای گوتی.

هاشم كندی شرۆڤەكار پێشبینی كرد كە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق، كە تا سەری مانگ لە پشوودایە، دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەت ساز بكات، روونی كردەوە كە دواخستنی دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەت، بەهۆی ناكۆكی و رێكنەكەوتن یان پابەندنەبوون بە رێككەوتنەكان بووە، هەندێك وەزارەتیش لەبەر هۆكاری تەكنیكی دوا خران.  

روونی كردەوە، لە سایەی بوونی هەندێك وەزارەت كە كارەكانیان بە كاتی بەڕێوە دەبرێت و ناتوانن كارەكانیان وەك پێویست ئەنجام بدرێت، ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو كاندیدانی حەوت وەزارەت دەنگیان لەسەر بدرێت، هاوكات دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی حكوومەت لە بەرژوەندیی حكوومەت نییە و لە سایەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و كاریگەرییان لەسەر عێراق، هەموو هێزە سیاسییەكان ئەو دەزانن كە كارە ئەنجامی نابێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل