ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ نەتەنیاهۆ تاوتوێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کردووە لەگەڵ ئێران وەک ئامادەکارییەک بۆ چوونە ناو دانوستانەکانەوە.
نووسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە نەتەنیاهۆ پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ پێگیریی ترەمپ بە مەرجەکانی هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل لایەنێک نییە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا.
بەپێی بەیاننامەکەی نووسینگەی نەتەنیاهۆ، ترەمپ بەڵێنی داوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت لەناوبردنی کەرەستە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان، هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی پیتاندن، سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک و کۆتایهێنان بە پاڵپشتیی ئێران بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، لە خۆ بگرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆش، دۆناڵد ترەمپ گەیشتن بە "ڕێککەوتن"ی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێککەوتنەکە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێکارەکانی کۆتایی تەواو دەکرێن. هەروەها بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆردمان و هێرشانەی کە بڕیار بوو هێزەکانی ئەمەریکا لەم شەوەدا بیانکەنە سەر ئێران، هاوکات گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ڕاگەیاند کە ڕەزامەندییەکی بەرفراوانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەدەست هێناوە بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.