ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، دادگایەکی فیدراڵیی ئەمەریکا بە کەفالەتێکی دارایی قورس، ئەندازیارێکی ئێرانیی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکای ئازاد کرد. ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی دادگاییەکەی بە تۆمەتی دابینکردنی تەکنەلۆجیای قەدەغەکراوی ئەمەریکا بۆ بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دێت، کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ئەم دۆسیەیە بە هێرشێکی ساڵی 2024 بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیان لە ئوردن دەبەستنەوە.
بەپێی ئاژانسی "رۆیتەرز"، ئیندیرا تالوانی دادوەری فیدراڵی، ڕێگەی بە ئازادکردنی مەهدی سادقی داوە بەرانبەر بە کەفالەتی 500 هەزار دۆلار، لەگەڵ سەپاندنی مانەوە لە ماڵەوە و خستنە ژێر چاودێریی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی سیستمی مانگی دەستکردەوە.
بڕیارەکە دوای چەند مانگێک دێت لە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی پێشتری بۆ ئازادکردنی، ئەویش بەهۆی مەترسیی هەڵاتنی بۆ دەرەوەی ئەمەریکا.
سادقی ڕووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی چاودێریی هەناردەکردن و سزاکانی ئەمەریکا بووەتەوە، لە ڕێگەی یارمەتیدان لە بەدەستهێنانی پێکهاتە و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەمەریکا بۆ کۆمپانیایەکی ئێرانی کە پێوەندی بە بەرنامەی سەربازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە هەیە.
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دەڵێن، ئەو تەکنەلۆجیایە لە سیستمی ڕێنوێنیی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بەکار هێنراوە.
بەپێی گوتەی داواکاری گشتیی ئەمەریکا، ئەو تەکنەلۆجیایەی لە دۆسیەکەدا هەیە، پێوەندی بە کۆمپانیایەکەوە هەیە کە لەلایەن محەمەد عابدینی، بازرگانی ئێرانییەوە بەڕێوە دەبرێت. واشنتن ئەو بازرگانە تۆمەتبار دەکات بە دابینکردنی سیستمی ڕێنوێنیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ لایەنەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.
داواکارانی گشتی دووپاتی دەکەنەوە، کە یەکێک لەو سیستمانە لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەدا بەکار هێنراوە کە لە کانوونی دووەمی 2024 بنکەی سەربازیی "تاوەر 22"ی ئەمەریکای لە نزیک سنووری سووریا لە ئوردن کردە ئامانج. لە ئەنجامدا سێ سەربازی یەدەگی سوپای ئەمەریکا کوژران و 47 سەربازی تریش بریندار بوون.
بڕیارە دادگاییکردنی سادقی لە 22ی ئەم مانگەدا دەست پێ بکات، دوای ئەوەی بێتاوانیی خۆی لە تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕاگەیاند کە ئاراستەی کراون.
سادقی بەتەنیا دادگایی دەکرێت، چونکە محەمەد عابدینیی هاوبەشی لە دۆسیەکەدا، پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاوە ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە ئێران.
ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی توندکردنەوەی چاودێرییەکانی ئەمەریکادایە بەسەر هەوڵەکانی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بۆ ناو ئێران، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە چەند مانگی ڕابردوودا پەرەی سەندووە.