ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە گواستیەوە، هێزەکانی ئەمەریکا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، کە وا دیارە بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە هەڵدراون کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش لە نوێترین پێدادادانی نێوان هەردوو وڵاتدایە.
ئەو بەرپرسە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، زیاتر گوتی، جموجووڵی کەشتییەوانی بە ناو گەرووەکەدا بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەم، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، گەرووی هورمز هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە بۆ تێپەڕبوونی کەشتی و تانکەرە بازرگانییەکان، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە ئێران ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییەی وزە بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئەم لێدوانەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی، داخستنی گەرووی هورمزی بەڕووی سەرجەم کەشتییەکاندا ڕاگەیاند، لەوانەش تانکەرەکانی نەوت و کەشتییە بازرگانییەکان، هەروەها هەڕەشەی بەئامانجگرتنی هەر هاتوچۆیەکیشی کرد لە ناو گەرووەکەدا، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کە دەڵێت ئەمەریکا کردوویەتییە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.