ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە میانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە پارێزگای میسان، دوو لە مەترسیدارترین بازرگانانی مادەی هۆشبەر کوژراون، ئەمەش وەک گورزێکی کەموێنە دژی بازرگانانی ئەو پەتایە لە وڵاتدا هەژمار دەکرێت.
ئەرشەد حاکم گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاندووە، هێزێکی سەر بە فەوجی تاکتیکی توانیویانە ئەو دوو بازرگانە لەناو ببەن، دوای ئەوەی لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنێکی تەناهیدا دەستپێشخەرییان کردووە لە تەقەکردن بۆ سەر هێزەکان.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیاریی دروستی هەواڵگری بووە، کە لەلایەن هەردوو فەرمانگەی ئاسایشی بەغدا و ئاسایشی پارێزگاکانەوە دابین کرابوو.
حاکم زیاتر ڕوونی کردووەتەوە، یەکێک لە کوژراوەکان بە بازرگانی سەرەکیی مادەی کریستاڵ لە عێراق دادەنرێت و ناسناوی (ئەبوو فوتەیم)ـە.