ئاژانسی دۆیچە ڤێڵەی ئەڵمانی بڵاوی كردووەتەوە بەگوێرەی راپۆرتێكی بنكۆڵكاری بەریتانی گەنجانی كورد لە لیبیا لەلایەن میلیشیاكانەوە ئەشكەنجە دەدرێن و ناچار دەكرێن سەرانەیان پێ بدەن.
ئاژانسی
دۆیچە ڤێڵەی ئەڵمانی ئاماژەی ناوەڕۆكی راپۆرتێكی بنكۆڵكاری كردووە كە لەلایەن دەستەی ئێزگەی بەریتانی ئامادە كراوە، تێیدا باس لە مەینەتی ئەو گەنجانە دەكرێت كە بە نیازی گەیشتن بە ئەوروپا روو لە لیبیا دەكەن.
راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە، 300 گەنجی كورد روویان لە بەریتانیان كردووە، كاتێك گەیشتوونەتە لیبیا دەستی میلیشیاكانی لیبیایان پێگەیشتووە. راپۆرتەكە دووپاتی دەكاتەوە كە میلیشیاكان لەگەڵ قاچاخچییەكان پێوەندییان هەیە، بە یەكەوە گەنجەكان ناچار دەكەن سەرانەیان پێ بدەن بۆ تێپەڕبوونیان.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە چەندان جۆر پێشێلكارییان لەگەڵ كراوە لە شێوەی ئەشكەنجەی جەستەیی و راگرتن و رفاندن و تەنانەت هەڕەشەی دەرهێنانی گورچیلەیان لێكراوە. بڕی ئەو پارەیەی كە داواشیان لێ دەكرێت پێنج هەزار دۆلارە بۆ هەر كەسێك.
راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە میلیشیاكانی لیبیا ئەو تاوانانە دەرهەق بە زۆربەی كۆچبەران دەكەن بە رەچەڵەكە جیاوازەكانەوە. تا ئێستایش دیار نییە چەندە كۆچبەر لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە دەست بەسەر كراون.