ئاژانسی فارس گومان لە عێراقچی دەكات: دیپلۆماسییەكەت روون نییە

:: PM:10:24:12/06/2026 ‌
ئاژانسی فارس كە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە هێرش دەكاتە سەر عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، گوایە وەڵامی ترەمپی نەداوەتەوە و داوای لە میدیاكانی ئێران كردووە هەواڵی مەزندەكراو بڵاو نەكەنەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیران عەباس عێراقچی دوای پەیامێكی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا پەیامێكی لە ئێكس بڵاوكردەوە و داوای لە میدیاكانی ئێران كردووە هەواڵی مەزندەكراو بڵاو نەكەنەوە و دووپاتیشی كردەوە ئێران و ئەمەریكا زۆر لە رێككەوتن نزیكن. دواتریش ترەمپ ستایشی پەیامەكەی عێراقچی كرد و لە ترووس سۆشیال شێری كردەوە.

ئاژانسی فارسی ئێرانی بابەتێكی رەخنەیی لەسەر عەباس عێراقچی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێ‌، "عێراقچی تەنیا بەوە وازی نەهێنا كە بانگەشەكانی ترەمپی بە درۆ نەخستەوە بەڵكو داوای لە راگەیاندن كردووە پێشبینی بڵاو نەكەنەوە، ئەمەیش دەكرێت بە دووپاتكردنەوەی هەواڵی ناڕاست دابنرێت".

دواتر ئاژانسی فارس رەخنەی توندتر لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی دەگرێت و دەڵێ‌، "ئەم رێبازە دیپلۆماسییە ناڕوونە، پێشتریش لە میانەی دانوستاندنەكانی ئەم دواییە پێڕەوت كردووە، ئەمەیش پرسیاری ئەوە دەوروژێنێ‌ ئەمە پاشەكشە بوو یانیش هاوئاهەنگییە لەگەڵ بانگەشەكانی ترەمپ". 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل