پێنج سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگری جیا جیا ئاشكرایان كرد، كه له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو ئێران هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕكرده‌وه، تا ئه‌و حه‌شارگه‌یه‌ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رزی تێدایه به ته‌واوی دابخات، به‌وهۆیه‌وه به مین و ته‌قه‌مه‌نی تونێل و ده‌روازه‌كانی گه‌یشتنه حه‌شارگه‌كه‌ی ته‌قاندووه‌ته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوانه بۆ
سی ئێن ئێن ئه‌وه‌یشیان خستووه‌ته ڕوو، كه ئێسته ده‌ستگه‌یشتن به نزیكه‌ی نیو تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رز زۆر قورس و پڕ له مه‌ترسی بووه و كاتی یه‌كجار زۆری پێویسته، به به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگێك پێش ئێسته، له‌و كاته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه ده‌كات، كه سوپای ئه‌مه‌ریكا ئۆپراسیۆن بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رزی ئێران ئه‌نجام ده‌دات.
به ته‌قاندنه‌وه‌ی تونێل و ده‌روازه‌كانی گه‌یشتنه ئه‌و كۆگه‌یه‌ی ژێر زه‌مین، كه یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رزی تێدا حه‌شاردرابوو، كارێكی قورس و ئه‌سته‌م ده‌بێ و كاتی زۆری پێویسته، تا ئێسته‌یش ڕوون نییه به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا، كه كێ به‌رپرسیار ده‌بێ له دۆزینه‌وه و ده‌رهێنان و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رز.
سی ئێن ئێن بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه پێوه‌ندی به نوێنه‌رانی ئێران له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆشكی سپی كرد، به‌ڵام هیچیان قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه‌كرد.