كورد لە سووریا هێزەكەی لەدەست دا

:: AM:09:25:13/06/2026 ‌
كورد لە سووریا خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار چەكداربوو بەڵام بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتی ئەو هێزە لەدەستی كوردا نامێنێت،  بەپێی كات كورد بەتەواوی بێهێز دەكرێت.

بەپێی رێككەوتنەكەی نێوانیان كورد و حكوومەتی سووریا هێزەكانی هەسەدە كە خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار چەكداربوون لەناو سوپای سووریا و ئاسایشی وڵاتەكە دەتوێنرێنەوە.

پرۆسەكە ئێستە دەستی پێكردووە و سەرەتا هێزەكانی هەسەدە لە سێ لیوادا كۆتاییان پێدەهێنرێت، بەشێكیان ئێستە نێردراون بۆ نزیكی دیمەشق لەوێ وەك دەسپێك مەشقیان پێدەكرێت.

لەكاتێكدا ئەو هێزە پیشتر مەشقیان پێكرابوو، بەڵام حكوومەتی كاتی بۆ وەك ئەوەی سەربازی نوێ وەربگرێت مەشقی نوێیان پێدەكات و ئەمەش جۆرێكە لە رەتكردنەوەی مێژووی هێزە كوردییەكە.

بەپێی زانیارییەكان تەواوی هێزەكانی هەسەدە بەو جۆرە تێكەڵی سووپای سووریا دەكرێن و ئەركیشیان لەلایەن ئەو سوپایەوە دەستنیشان دەكرێت و بەهیچ شێوەیەك ئەركیان لەسنورەكانی پێشووتریان پێنادرێتەوە.

ئەوەی ماوەتەوە هێزەكانی ئاسایشی كوردە ئەوانیش تێكەڵی ئاسایشی سووریا دەكرێن، ئێستە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەفسەرانی هێزەكانی ئاسایش دەكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سوریا تێكەڵ بكرێن.

مەحمود خەلیل جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەكە رای گەیاند، وەك قۆناغی یەكەمی تێكەڵكردنی ‌هێزەكان ئێستە چاوپێكەوتن لەگەڵ دەیان ئەفسەری ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردوە، دواتر چاوپێكەوتن لەگەڵ تەواوی كارمەندانی ئاسایش دەكرێت.

ئەم چاوپێكەوتنە وەك ئەوەیە سووریا ئاسایشی نوێ وەربگرێت و بەئارەزووی خۆیان دەستنیشانی ئەندامانی ئاسایش دەكەن و كێیان پێ باش بوو ئەوە دادەنێن و ئەوەی ئەوان پێیان باش نەبوو رێگەی نادەن وەك ئاسایش بەردەوام بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەفسەر و كارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی پێویستی بەسەر دامودەزگا فەرمییەكان دابەشدەكرێن، بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونیان وەربگیرێت.

هاوكات ئەحمەد هیلالی یاریدەدەری پارێزگاری حەسەكە و گوتەبێژی تیمی سەرۆكایەتی راسپێردراو بەجێبەجێكردنی رێككەوتن لەگەڵ هەسەدە ئاماژەی بەوەكرد،" پرۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكان بەرەوپێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و چاوپێكەوتنەكانیش بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەدەچن ".

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی "تەلەفزیۆنی سووریا" بڵاویكردووەتەوە، پرۆسەی تێكەڵكردن بەمانای ئەوا نایەت كە سەرجەم ئەفسەر و كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەڵكو پەیكەربەندی هێزە تەناهییەكان بەتەواوەتی رێكدەخرێتەوە.

هەر بەپێی زانیاریارییەكان، ئێستە كاردەكرێت بۆ ئەوەی ئەو كارمەندانەی خەڵكی ناوچەی عەفرینن، راژەیان بگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەوەی سەقامگیری تەناهیی لەو ناوچانە فەراهەم بكرێت و ناوچەكە لەلایەن هێزی خۆجێیەوە بپارێزرێت.

كورد بەگشتی بێهێز دەكرێت و ئەوەی هەیە لە ئاسایشی ناوخۆی شارەكان بەشداریان پێدەكرێت و هەسەدە لەناو سوپای سووریا دەتوێنرێتەوە و كێشەی یەپەژەش بێچارەسەر ماوەتەوە و شەرڤانی ژنیش لەو پارەچەیە بەبەرچاوی دنیاوە و كۆتایی پێدەهێنرێت.



وشە - سۆران عەزیز