ئێران: سبەی رێككەوتن لەگەڵ واشنتن واژوو ناكرێت

:: PM:05:02:13/06/2026 ‌

ئەمڕۆ پاكستان رای گەیاند كە ئەگەری هەیە لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بێتە واژووكردن، هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە تا ئێستە دەقی رێككەوتنەكە یەكلا نەبووەتەوە، بۆیە سبەی رێككەوتنەكە ناكرێت.

زیاتر گوتی، راگەیاندنی ئیسلام ئاباد یان ئەو یاداشتە لێكگەیشتنەی ئێستە كاری لەسەر دەكرێت، لەو قۆناغەدا سەرنج دەخاتە سەر كۆتاهێنان بە شەڕ، بڕیار دراوە باسی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران نەكرێت، ئەگەر هەیە رێككەوتنەكە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو بێتە واژووكردن، بەڵام پێویستە وریابوون لە خەمڵاندنی دانوستانەكان هەبێت، ئەوەش بەهۆی ناجێگیریی هەڵوێستی لایەنی بەرانبەر، واتە ئەمەریكا، بۆیە  پێویستە چاوەرێ بكەین بۆ زانینی وادەی وردی واژووكردن، كە سبەی نییە، بەڵام ئەگەر هەیە لە رۆژانی داهاتوو ببێت.

هەوڵەكانی پاكستان بۆ گەیاندنی ئەمەریكا و ئێران بە رێككەوتنێكی سەرەتایی و وەستانی شەڕ بەردەوامە، ئەمڕۆ شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ واژووكردنی ئەلیكترۆنی لەسەر رێككەوتنێكی ئاشتی ئەمەریكی ئێرانی دوای ئامادەبوونی ئامادەیە، ئاشكرای كرد كە زۆر لە رێككەوتن نزیكن و ئەگەر هەیە لە 24 سەعاتی داهاتوو بێتە واژووكردن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل