لەوكاتەی باسی سەردانێكی نزیكی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و كۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەكرێت، چاودێران پێیان وایە رەنگە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی زەیدی بۆ ئەمەریكا ببێتە قۆناغێكی یەكلاكەرەوە لە داڕشتنی دواڕۆژی پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن، نەك تەنیا لەسەر ئاستی هاریكاریی ئابووری و وەبەرهێنان بە تەنیا، بەڵكو لە دۆسییە تەناهییە هەستیارەكان، لە سەروویانەوە داماڵینی چەك و رێكخستنەوەی پێوەندی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان.
سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق ئاماژە دەكات، بڕیارە سەردانەكەی زەیدی لە مانگی داهاتوو بێتە سازكردن، پێش ئەوەش زنجیرە دیدار و پێوەندی لە نێوان بەرپرسانی عێراقی و ئەمەریكی بۆ دانانی خشتەیەك و كارنامەیەكی كۆتایی و هاوئاهەنگی لە دۆسیە گرنگەكان ساز بكرێت، بەپێی سەرچاوەكە، دانوستانەكان سەرنج دەخەنە سەر لایەنەكانی ئابووری و وەبەرهێنان، جیا لە داماڵینی چەك و بەهێزكردنی هاریكاریی تەناهی، هەروەها گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنێكی نوێ بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا، لەگەڵ سەرنجخستنە سەر هاوبەشیی تەناهی و ئابووری و میكانیزمەكانی پاڵپشتیكردنی یەكتر لە كاتی تەنگژەكاندا.
عەبدولغەنی غەزبان شارەزا لە بواری تەناهی دەڵێت، سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن هەلێكی گونجاوە بۆ هەڵدانەوەی چەند دۆسیەیەكی گرنگ، لەپێشەوەیان رێكخستنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و دۆسیەی گرووپە چەكدارەكان و داماڵینی چەكیان و سەرنجخستنە سەر فرەوانكردنی هاوبەشیی ئابووری و راكێشانی كۆمپانیا و كارسازانی ئەمەریكا بۆ عێراق.