"هەر رێككەوتنێكی ئێران و ئەمەریكا كار لە پرۆسەی داماڵینی چەكیش دەكات"

:: PM:06:40:13/06/2026 ‌

پرۆسەی داماڵینی چەك لە عێراق لە 27ی ئایاری رابردوو دەستی پێ كرد، لیژنەیەكی باڵا بۆ وەرگرتنەوەی چەك و چارەسەركردنی شەڕوانانی ئەو گرووپانەی چەك دادەنێن پێك هێنراوە، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە پرۆسەكە دەچێتە قاڵبی هاوسەنگییەكی فرەوانتری ناوچەكە و نێودەوڵەتی، هەریەك لە ئەمەریكا و میلیشیاكان سروشتی یارییەكە دەزانن.

موختار مووسەوی ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، جۆرە دابەشبوونێك لەناو دەستەی حەشدی شەعبی هەیە و گرووپە چەكدارەكان لە هەڵوێستیان یەكگرتوو نین، هەندێكیان ئامادەییان بۆ رادەستكردنی چەك یان خۆدابڕین لە حەشدی شەعبی راگەیاند، لەوكاتەی بەشێكی تریان رەتی دەكەنەوە، بۆیە دۆخی سیاسیی عێراق بە توندی وابەستەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكەیە.

ئاماژەی كرد، سیاسەتی دەرەوەی عێراق جێگیر نییە، بەتایبەتی لەو قۆناغەی ئێستە وای دەبینین كە لێكتێگەیشتنەكانی ئێران و ئەمەریكا بەرەو رێككەوتن دەچێت، ئەگەر رێككەوتنەكە هاتە واژووكردن، بابەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی چەك لە عێراق دەگۆڕێت، دووپاتی كردەوە، لەو دۆسیەدا عێراق بەتەواوەتی خاوەن بڕیار نییە، بەڵكو بەشی زۆری لێكتێگەیشتنەكان لە واشنتن و تاران بەڕێوە دەبرێن، بۆیە چەكی دەستی میلیشیاكان راستەوخۆ بە ئەنجام و ناوەڕۆكی هەر رێككەوتنێكی گریمانكراو بەستراوەتەوە. 

مووسەوی ئاماژەی كرد، ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت هاوسەنگیی كاتیی سیاسییە، ئەگەری هەیە دۆسیەی داماڵینی چەك لە دوای واژووكردنی رێككەوتنێكی سەرەتایی ئێران و ئەمەریكا بە شێوەیەكی جیاواز بخرێتە روو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل