فڕەنسا و بەریتانیا هاوپەیمانییەکی دەریایی بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز پێک دەهێنن

:: PM:07:08:13/06/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕای گەیاند، بەریتانیا و فڕەنسا تاوتوێی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریاییان کردووە و کەشتیی سەربازییان لە نزیکە و ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە پاککردنەوەی مینەکانی ناو گەرووی هورمز. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو قۆناغەی دوای کردنەوەی گەرووەکە دێت، ئۆپراسیۆنێکی چڕ و هاوکات بۆ پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان بەخۆوە دەبینێت.

ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ئێران سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی کە بە "زۆر بەهێز" وەسفی کردووە. تیشکی خستە سەر ئەوەش کە ئەو لێدوانانەی ئەمڕۆ لەلایەن لایەنی پاکستانییەوە دراون، بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم پێشکەوتنە گەورەیەیە.

ڕوونی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە، ئێران پابەند دەکات بە کردنەوەی گەرووی هورمز وەک مەرجێکی سەرەکی. دووپاتی کردەوە کە زۆر ئەگەری هەیە ئەو گەرووە ستراتیجییە بەبێ سەپاندنی هیچ باج و ڕسووماتێک بکرێتەوە.

بەرانبەر بەم هەنگاوە، بەرپرسەکە ڕای گەیاند کە ئەمەریکا گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران ڕادەگرێت، ئەوەش هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی کردنەوەی گەرووەکە.

لەبارەى ڕێکارە مەیدانییەکانی دوای ڕێککەوتنەکە، ئاماژەی بەوە دا کە قۆناغی دوای کردنەوەی گەرووەکە، ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی چڕ و هاوکات بۆ پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان لەخۆ دەگرێت، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی کەشتییەوانیی جیهانی.

لەم چوارچێوەیەدا ئاشکرای کرد کە بەریتانیا و فڕەنسا پێشتر تاوتوێی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی هاوبەشیان کردووە، هەروەها کەشتیی سەربازییان لە خاڵە نزیکەکان هەیە و بەتەواوی ئامادەن بۆ بەشداریکردنی دەستبەجێ لە ئۆپراسیۆنەکانی پاککردنەوەدا.

بەرپرسەکە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکاش بە شێوەیەکی گەورە و سەرەکی بەشداری لە هەوڵەکانی پاککردنەوەی مینەکان دەکات، و لەوانەیە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتیش بەشداری لەم ئۆپراسیۆنانە بکەن، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دۆخی کەشتییەوانی بۆ باری ئاسایی بە خێراترین کات.


وشە - پۆڵا مەحموود