ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیرانی 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەو شەڕەی کرایە سەریان نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت.
سەرۆکی ئێران گوتی، شەڕ نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت سەرەڕای کوشتنی سەرکردە و زانایانی ئەتۆمی و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵات، ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتەکەی توانیویەتی ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنێت کە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەکانەوە سەپێنرابوون.
زیاتر گوتی، زۆر باش دەزانم گەلەکەمان چ سەختییەکیان کێشاوە، ئارامگرتنیان لەسەر گوشارە ئابوورییەکان تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو، ستایشی خۆڕاگریی هاووڵاتییانیشی کرد لە بەرانبەر ئەو تەنگژە و ئاستەنگە ئابوورییانەی لە قۆناغی ڕابردوودا هەبوون.
ئاماژەی بەوەش دا کە گەلی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بارگرانییەکی زۆری هەڵگرتووە، و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و پتەوکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئێران ڕووبەڕووی گرژیی تەناهی و سەربازی بووەتەوە کە خۆی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە و ژێرخانە هەستیارەکان، لەگەڵ کوشتنی کەسایەتییە سەربازییەکان و زانایانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی دەبینییەوە.
هەروەها وڵاتەکە ڕووبەڕووی گوشاری ئابووریی زیاتر بووەتەوە بەهۆی سزاکان و گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، کە کاریگەریی کردووەتە سەر دۆخی بژێوی و ئابووریی هاووڵاتییان، لە کاتێکدا تاران بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو گوشارانە نەیانتوانیوە سیاسەتەکانی بگۆڕن یان ئەو ئامانجانە بپێکن کە لایەنە نەیارەکانی بەدوایدا دەگەڕان.