دروستكردنی هێڵی ئاسنی عێراق هەڵوەشایەوە

:: AM:09:31:14/06/2026 ‌
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەهەب حەسەنی وەزیری گواستنەوە، زنجیرەیەك بڕیاریان داوە كە یەكێكیان هەڵوەشاندنەوەی هێڵی ئاسنە.

مستەفا سەنەد وەزیری پێوەندییەكانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، چەند بڕیارێك دراوە و بەپێی پێویست باس نەكراوە، یەكێك لە بڕیارە هەرە گرنگەكان هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی ئاسن بووە.

زیاتر گوتی، هۆكاری ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران، بەهۆی تێچووە بەرزەكەی و دروستكردنی بارگرانی بۆ سەر بودجەی گشتی دەوڵەت بووە. 

ئاماژەی بەوەش دا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دراوە، كە پێشتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) بە كۆمپانیای (CAAP) سپێردرابوو.

باسی لەوە كرد، بڕیارە نوێیەكانی سەرۆك وەزیران دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەكانیشی لەخۆ گرتووە، هاوكات وەزیری گواستنەوە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆكەخانەكان و گەشتە ئاسمانییەكان یەك بخاتەوە، كە بڕیارە ئەم پێشنیازە لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی حكوومەتدا بە فەرمی تاوتوێ بكرێت.



وشە - رامیار جەواد