بەرپرسانی ئەوروپا ئاشكرایان كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ژمارەی فڕۆكە و كەشتیی جەنگی لە بنكەكانی ناتۆ لە ئەوروپا بە ڕێژەیەكی زۆر كەم دەكاتەوە، ئەمەیش تواناكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بۆ وەشانی گورزی دوورمەودا و ئۆپراسیۆنەكانی كۆكردنەوەی زانیاری بە تەواوی كەم دەكاتەوە و سنوورداری دەكات.
ئەو بەرپرسە
ئەوروپییانە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایان كردووە، ئەمەریكا پلان بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی فڕۆكە و كەشتیی جەنگی لە ئەوروپا دادەنێت، ئەو بڕیارەیش توانای ناتۆ لە وەشانی گورزی دوورمەودا و كۆكردنەوەی زانیاری ورد بە تەواوی كەم دەكاتەوە.
بەگوێرەی پلانەكەی ئەمەریكا، ژمارەی فڕۆكەی جەنگی ئێف 16 و ئێف 15 كە پێشتر 150 فڕۆكە بوون بۆ 100 فڕۆكە كەم دەكاتەوە، هاوكات فڕۆكەی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر دەریا ژمارەیان 26 بوو بۆ 15 كەم دەكرێنەوە و تەنیا هەشت فڕۆكەی بەخشینی وزە لە ئاسمانەوە بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی تر لە ئەوروپا دەهێڵێتەوە، ئەمە جیا لەوەی كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگر و دەیان كەشتی تری جەنگی كە بەر لە جەنگی ئێران لە ئەوروپا بوون، گەڕاونەتەوە ئەمەریكا و ڕوون نییە كە دووبارە بۆ ئەوروپا بگەڕێنرێنەوە.
ئەلیسۆن هارت گوتەبێژ بە ناوی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بۆ ڕۆیتەرز گوتی، بە درێژایی مێژوو بە ڕێژەیەكی ڕەها پشت بە هێزەكان و تواناكانی ئەمەریكا بەستراوە، بەڵام ئێستە لەگەڵ وەبەرهێنانی زۆری ئەوروپا و كەنەدا لە بواری پیشەسازیی چەك و بەرگری و پەرەپێدانی تواناكانیان، دەتوانرێ لە داهاتوودا ئەو هاوسەنگی و بەرپرسیاریەتییە بە یەكسانی دابەش بكرێتەوە.