لە یادی دەركردنی فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراقدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، مستەفا كازمی وتارێكی نووسیوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە سێ رۆژ لاوازیی دەوڵەتی عێراق دەركەوت. دووپاتیشی دەكاتەوە دەبێت چەك تەنیا بە دەست دەوڵەتی عێراق بێت.
مستەفا كازمی
سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق، ئەمڕۆ یەكشەم 14ی حوزەیران، وتارێكی نووسیوە و تێیدا باس لە گرنگیی فەتوای عەلی سیستانی دەكات كە لە 13 حوزەیرانی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەریكرد. كازمی باس لەوە دەكات لە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014دا مووسڵ كەوتە دەست داعش، لە 12ی هەمان مانگ و ساڵ كوشتارگەی سپایكەر رووی دا. كازمی دووپاتی دەكاتەوە ئەوكات لە 13ی حوزەیران فەتواكەی سیستانی درا كە داوای كرد جیهاد بكرێت دژ بە داعش.
كازمی پێی وایە ئەو سێ رۆژەی لە سەرەوە ئاماژەی بۆ كردووە، لاوازیی دەوڵەتی عێراقی دەرخست. دووپاتیشی دەكاتەوە ئەگەر ئەوكات چەكی حەشد و میلیشیاكان بۆ پاراستنی عێراق گرنگ بووبێت، ئەوا ئێستە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق دەبێت چەك تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت نەك گرووپی تر.