گرووپێكی چەكدار لە ئێران ئاڵای كوردستان و ئەمەریكا دەسووتێنن

:: PM:02:59:14/06/2026 ‌
ماوەیەكە كۆماری ئیسلامیی ئێران كوردانی رۆژهەڵات چەكدار دەكات، ڤیدیۆیەكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە، گرووپێكی سەربە حكوومەت لە ئێران ئاڵای كوردستان و ئەمەریكا دەسووتێنن.

حكوومەتی ئێران بەشێكی زۆری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان چەكدار كردووە، ئەوەی كە كورد لە باشوور پێی دەگوت "جاش"، دژی هێزە كوردییەكان و خەڵكی ناڕازی بەكاریان دێنێت.

لە نوێترین پێشهاتیشدا لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە كاتی تۆماركردنی نادیارە، گرووپێك چەكداری كوردی خەڵكی ئێران كە دەموچاوی خۆیان شاردووەتەوە و خۆیان بە "نەوەكانی سەڵاحەدین" دەناسێنن، پشتگیریی خۆیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕن.

ئەم گرووپە چەكدارە ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕكردن دژی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی) و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە، چەكدارەكان دوای خوێندنەوەی بەیاننامە و پەیامەكانیان، هەڵدەستن بە سووتاندنی ئاڵای كوردستان، ئەمەریكا و ئیسرائیل. 

ئەمە یەكەمجار نییە كە دیمەنی لەم شێوەیە بڵاو دەبێتەوە؛ پێشتریش ژمارەیەك لە چەكدارانی كورد كە سەربە هۆز و خێڵە جیاوازەكانی ناوچەكە بوون، بە جلی كوردی و چەكەوە بەشدارییان لە كۆبوونەوەكاندا كردبوو و هاوسۆزی و پشتگیریی خۆیان بۆ دەسەڵاتی ئێران دەربڕیبوو. 



وشە - سۆران عەزیز