سوپای ئیسرائیل: بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەین

:: PM:05:29:14/06/2026 ‌

ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی كردە سەر چەند بارەگەیەكی حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت، سەركردایەتیی سەربازیی ئێران بەڵێنیان دا كە ئەو هێرشانە بێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابن، لە بەرانبەردا ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە ئامانجی هێرشەكانیان لە لبنان چڕبووەتەوە و لە هەموو بەرەكان ئامادەن. 

زامیر رای گەیاند، سوپای ئیسرائیل لە هەموو بەرەكان ئامادەیە و هێرشەكانی بۆ سەر حزبوڵا لە لبنان چڕ دەكاتەوە، ئەوەی لە لبنان دەگوزەرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل، دۆخی دانوستانەكان باشتر دەكات، ئەو قسانەی زامیر لە دوای هەڕەشەكانی محەمەد جەعفەر ئەسەدی جێگری فەرماندەی بارەگەی خاتەمولئەنبیا دێت، بە ئەگەری وەستانی هەوڵە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، ئەگەر پابەندی بەڵێنەكان نەبێت، وەك ئاماژەیەك بۆ وەستانی شەڕ لە لبنان.

لای خۆیەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل ئەمەریكای بە بێتوانایی یان نەخواستن لە پابەندبوون بە بەڵێنەكانی تۆمەتبار كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەو كارانە هەڕەشە لە دانوستانەكان دەكەن، بۆیە ئەگەر ناتوانن پابەند بن، ئەوە قسەكردن لەسەر بەردەوامبوون لە دانوستان سوودی نییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل