بەر لە سەردانی بۆ واشنتن زەیدی هەوڵی یەكلاكردنەوەی چەند دۆسیەیەك دەدات

:: PM:05:50:14/06/2026 ‌

ئێستە پێنج دۆسیەی گرنگ هەن كە سەرۆكی حكوومەتی عێراق و ئەمەریكاش دەیانەوێ دوور لە هەژموونی ئێران رێكی بخەنەوە، داماڵینی چەك و تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و تەنگژە دارایی و چاكسازی و چارەسەركردنی پێوەندیی نەوتیی هەولێر و بەغدا، بڕیارە نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا سەردانی بەغدا بكات و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ ئەمەریكا، زەیدی هەوڵ دەدات بە هەگبەیەكی پڕەوە بچێتە واشنتن.

بەپێی سەرچاوەیەكی عێراقی، بەغدا خۆی بۆ دیاریكردنی دوایین وردەكارییەكانی كارنامەی گەشتەكەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن ئامادە دەكات، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا، لەو ناوەدا بڕیارە تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا سەردانی بەغدا و هەولێر بكات بۆ تەواوكردنی ئامادەسازییەكان، واتە وادەی سەردانەكە و دۆسییەكانی باس دەكرێن، ئامادەكردنیان بۆ یەكلاكردنەوەی لە واشنتن و واژووكردنی ئەوەی بە شێوەی رێككەوتن ئامادەیە. 

سەرچاوەكە باسی ئەوەی كرد كە سەردانی باراك بۆ بەغدا و هەولێر، وەك رێكخەری پێوەندییەكانی واشنتن و بەغدا، بۆ باسكردنی دواڕۆژی پێوەندییەكانی هەردوولایە، لە لایەكی تر بۆ باسكردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتی نەوت، بۆ یەكلاكردنەوەی بەر لە سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن.

لەبارەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی زەیدی، بەپێی سەرچاوەكە سەرۆك وەزیرانی عێراق پێوەندی بە هێزە سیاسییەكانەوە كردووە بەو هیوایەی بەر لە سەردانی واشنتن كابینەی حكوومەتەكەی تەواو بكات، بۆیە بۆ رازیكردنی ئەمەریكا بە لابردنی ڤیتۆ لەسەر ئەو گرووپانەی بە دانانی چەك رازین بۆ بەشداریكردنیان لە حكوومەت گفتوگۆ لەگەڵ باراك دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل