ئەمڕۆ یەکشەم 14ی حوزەیرانی 2026، محەمەد موخبیر ڕاوێژکاری موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران ڕای گەیاند، تاران بەتوندی وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەداتەوە کە کردیە سەر باشووری بەیرووت، و گوتی، وانەیەک بە دەستدرێژیکاران دەدەین کە پەشیمان ببنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە کە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراون، لە کاتێکدا ماڵپەڕەکانی چاودێریی فڕۆکەوانی، چۆڵبوونی ئاسمانی ئێرانیان لە فڕۆکە پێشان دا.
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی لە زاری دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێرانەوە گواستیەوە، هیچ ئاگادارینامەیەکی نوێی کەشتییەوانیمان دەرنەکردووە بۆ سەپاندنی کۆتوبەند لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان لە وڵاتدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران بەردەوام باس لە نزیکبوونەوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دەکەن. پێشتریش ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردبووەوە کە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەسەروەختیدایە.
لە بەرانبەردا، ڕۆژنامەی "یەدیعووت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە داوە، لەوانەیە تاران وەک نیازپاکییەک بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە بەرانبەر بەدەستهێنانی سازش لەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەی نێوان هەردوو لادا.
پێشتریش ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" ڕای گەیاندبوو، داوا لە ئێران دەکات وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت نەداتەوە.
ترەمپ ڕوونی کردەوە کە دەکرا ڕێگری لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت بکرێت، بەتایبەتی لە "ڕۆژێکی تایبەتدا" کە تێیدا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر نزیک بووە.