سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەگرێت

:: PM:10:29:14/06/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 14ی حوزەیرانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت گرت، کە هەڕەشەن بۆ تێکدانی پلانەکانی ئەمەریکا بۆ واژووکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کە بڕیارە درەنگانی ئەمڕۆ بکرێت.

گۆتێرێس لە بەیاننامەیەکدا گوتی، هێرشەکان سەرەڕای بوونی ئاگربەست ڕوویان داوە، ئەویش لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا و ئێران بگەنە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانەی ئەم ململانێیە.

زیاتر گوتی، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم لەم ساتە هەستیارەدا، ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن.

ئەمڕۆ یەکشەم، سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر پایتەختی لبنان، و ڕای گەیاند کە حزبوڵای کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەی حزبەکە چەند مووشەکێکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردبوو. لەم بارەیەوە ئاژانسی نیشتمانیی ڕاگەیاندنی فەرمیی لبنان، کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی 15 کەسی تری لە گەڕەکی باشووری بەیرووت ڕاگەیاند.

لە لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ یەکشەم ڕای گەیاند کە داوا لە ئێران دەکات وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت نەداتەوە.

ترەمپ ڕوونی کردەوە کە دەکرا ڕێگری لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت بکرێت، بەتایبەتی لە "ڕۆژێکی تایبەتدا" کە تێیدا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر نزیک بووە.


وشە - پۆڵا مەحموود