جۆرشه‌لیم پۆست: ئێران بە ڕێككەوتن ئەمەریكای هەڵخەڵەتاند

:: PM:12:58:15/06/2026 ‌
سەرچاوەیەكی ئێرانی بۆ ڕۆژنامەیەك دووپاتی كردەوە، بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە گەیشتنە ڕێككەوتنی واشنتن و تاران تووشی شۆك بوون، ڕژێم سەركەوتوو بوو لەوەی جارێكی تر ئەمەریكا بە ڕێككەوتن هەڵبخەڵەتێنێت.

ئەو سەرچاوە ئێرانییە بۆ ڕۆژنامەی جۆرشەلیم پۆست ئاشكرای كردووە، لە شەڕی حوزەیران/یۆنیۆی 2025ەوە تا جەنگی ئەمساڵ و ململانێ بەردەوامەكان، هەموو شتێك لە بەرژەوەندیی گەلی ئێراندا بوو، بەڵام ئێستە كە ڕێككەوتن كراوە ئێرانییەكان شۆك بوون.

سەرچاوەكە كە پێوەندیی بە خەڵك لە ناوخۆی ئێرانەوە هەیە دەڵێ، خەڵكی ناوخۆی ئێرانیش سەریان سوڕ ماوە و نیگەرانن لە گەیشتنە ڕێككەوتن و ویستیان زۆرە تا ڕژێمی ئیسلامی لەو وڵاتە كۆتایی پێ بهێنرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ململانێكان لە نێوان توندڕۆكان و چاكسازیخوازن و میانڕۆكان لە ناوخۆی ئێران گەیشتبووە لووتكە، ئەگەری زۆر بوو توندڕۆكان كودەتا بەسەر ڕژێم بكەن، بەڵام چاكسازیخوازان ژمارەیەك لە توندڕۆكانیان لە پۆستەكان دوور خستەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەیش تا ئێستە ژمارەیەكی زۆر توندڕۆ لە ناو ڕژێم بوونیان هەیە، چاوەڕوان دەكرا لە ناوخۆ دژی یەكتر بوەستنەوە و بەمشێوەیەیش ڕژێم كۆتایی بێت، بۆیە سەریان سوڕ ماوە كە ترەمپ لەو كاتە هەستیارە ڕێككەوتنی لەگەڵ ڕژێم كردووە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە ئێستە تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕێككەوتنەكە بە سەركەوتنی بەرەی موقاوەمە بەسەر ئەمەریكا ناو دەبات، ئەو سەرچاوەیە كە قسەی لەگەڵ خەڵك لە ناوخۆی ئێران كردووە دەڵێ، خەڵكی باوەڕ ناكەن كە ئەمەریكا ڕێككەوتنی كردبێت.

سەرچاوەكە ئەوەیشی خستووەتە ڕوو كە ڕژێم ئەمەریكای بە ڕێككەوتن هەڵخەڵەتاندووە، ئۆپۆزسیۆن لەو باوەڕەدا بوو كە توندڕۆكانی ناو ڕژێم هەرگیز ڕێ نادەن ئێران و ئەمەریكا ڕێكبكەون، بەڵام میانڕۆكانی ناو سوپای پاسداران شارەزای دانوستانن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆیە دووبارە ئەمەریكایان هەڵخەڵەتاند و سەرەتا خۆیان وەك قوربانی پێشان دا و ڕای گشتیان لە دەوری خۆیان كۆ كردەوە، بەڵام ئێستە خۆیان بە سەركەوتوو ناو دەبەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د