باقر جەبر زەیدی: چاكسازی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد مەحاڵە

:: PM:01:06:15/06/2026 ‌
باقر جەبر زەیدی سەركردەیەكی شیعە رای گەیاند، چاكسازی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد مەحاڵە.

باقر جەبر زەیدی وەزیری پێشتری عێراق و سەركردەی دیاری شیعە، لە نووسینێكیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، دووپاتی لەوە كردەوە، هەر هەوڵێك بۆ چاكسازی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بێ ئەنجام دەبێت، ئەگەر سەرەتا پرسی كورد بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە چارەسەر نەكرێت.

زەیدی هۆشداریی داوە لەوەی هەر چارەسەرێك بۆ كێشەكانی عێراق بەبێ ڕێككەوتن لەسەر كێشەی نێوان ناوەند و هەرێم، دواجار تووشی "بەردی ڕەقی ناكۆكییەكان" دەبێتەوە.

ئەو داوای كردووە پرسی كورد وەك پرسێكی نیشتمانیی عێراقی سەیر بكرێت، نەك تەنیا وەك پرسێكی ناوچەیی، بەتایبەتیش دوای ئەو مێژووە پڕ لە ئازار و قوربانیدانەی كورد لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە 1921.

زەیدی قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی بە "قۆناغی زێڕین" بۆ كورد وەسف كردووە، كە تێیدا كورد بووەتە هاوبەشێكی ڕاستەقینە و خاوەن ماف لە عێراقدا.

وەزیری پێشتری عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، سەرهەڵدانی نەوەیەكی نوێ و گەنج لە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان، دەرفەتێكی نوێ و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی پرسە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا.

دەشڵێت: بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەی ناوچەكە و دنیا ڕووبەڕووی بوونەتەوە، پێویستە كورد بە حیكمەت و وردبینییەوە ڕووگەی هاوپەیمانێتییەكانی دیاری بكات، چونكە ئەمە یەكێكە لە قۆناغە هەستیارەكانی مێژووی خەباتی نەتەوەیی كورد.




وشە - سۆران عەزیز