ترەمپ: گرنگ ئەوەیە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی

:: PM:09:16:15/06/2026 ‌

ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دوای گەیشتنی بۆ شاری ئیڤیان لە فڕەنسا بۆ ئامادەبوونی لە كارەكانی لووتكەی كۆمەڵەی حەوت، واژووكردنی رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئێران بۆ وەستانی شەڕ راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە گرنگ ئەوەیە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

ترەمپ ستایشی رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئێران كرد و گوتی، گرنگ ئەوەیە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، هەینی داهاتوو گەرووی هورمز بە تەواوەتی دەكرێتەوە، دەكرێ دەقی رێككەوتنەكە دوای هەینی داهاتوو بڵاو بكرێتەوە، كە وادەی سازكردنی رێوڕەسمی واژووكردنی رێككەوتنەكەیە لە جنێف لە سویسرا، وەك "فرانس پرێس" باسی كرد.  

ترەمپ دووپاتی كردەوە كە نازانێت ئاخۆ ئامادەی رێوڕەسمەكە دەبێت یان نا، بەڵام جەی دی ڤانس ئامادە دەبێت، رێككەوتنەكە واژوو كراوە و گەرووی هورمز بەشێكی كراوەیە و هەینی داهاتوو بە تەواوەتی دەكرێتەوە، بەمنزیكانە دەقی یاداشتەكە بڵاو دەكرێتەوە، واتە دوای رۆژی هەینی بە كاتێكی كەم، سووككردنی سزاكانی سەر ئێران دەوەستێتە سەر ئاكاری تاران، ئەگەر ئەوەی پێویست بێت بیكەن، ئەوە سزاكان سووك دەكرێن. 

ئەمە و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە دوێنێ یەكشەم رێككەوتنی سەرەتایی ئێران و ئەمەریكا بە ئەلیكترۆنی واژوو كراوە و بابەتی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێرانی تیادا نییە، بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتە هەردوو لایەنی ئێران و ئەمەریكا لە قەتەر كۆبوونەوەی ناراستەوخۆ بكەن بۆ رێخۆشكردن بۆ واژووكردنی رێككەوتنی جنێڤ لە 19ی ئەم مانگە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل