نەتنیاهۆ: كارمان لەگەڵ ئێران تەواو نەبووە

:: PM:11:03:15/06/2026 ‌

دوێنێ ئەمەریكا و ئێران یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی ئەلیكترۆنیان بۆ وەستانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واژوو كرد، بڕیارە هەینی داهاتوو لە جنێڤ رێوڕەسمی واژووكردنی لە لایەن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بەڕێوە بچێت، هاوكات دوای ئەوە دەقی یاداشتە واژووكراوەكە دێتە بڵاو كردنەوە، بنیامین نەتنیاهۆ دەڵێت هێشتا كاریان لەگەڵ ئێران تەواو نەبووە.

نەتنیاهۆ ئاماژەی كرد، ئیسرائیل توانی مەترسیی ئەتۆمیی ئێران دوور بخاتەوە، بەڵام هێشتا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵی كۆتایی نەهاتووە و ئیسرائیل بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشەكەی لە كاركردن بەردەوام دەبێت، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی زیانێكی گەورەی بە ئێرانییەكان گەیاندووە، ئەگەر بە خێرایی لەی ئێرانمان نەدابوایە ئەوە دەبووە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی كرد، سەركردەكانی ئێرانمان كوشت و زیانێكی زۆرمان لە دەزگە تەناهییەكانی دا و ئیسرائیلمان لە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران رزگار كرد، بۆیە ئیسرائیل مەترسیی لەناوچوونی خۆی و دانیشتووانی دوور خستەوە، بەڵام خەباتی ئێمە كۆتایی نەهاتووە، رژێمی ئێران دەیویست دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، كەچی توانیمان بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی لەناو ببەین.

سەبارەت بە شەڕی غەزە و حەماس نەتنیاهۆ گوتی، هەریەك لە زەیف و هەنیە و سنووار و هەموو ئەوانەمان كوشت كە بەشدارییان لە رەشەكوژیی 7ی ئۆكتۆبەر كرد، تەواوی رفێنراوەكانمان گەڕاندەوە، چووینە ناو كەرتی غەزە و ئەوانمان گەڕاندنەوە، سەبارەت بە لبنان ئاماژەی كرد، ئیسرائیل نەسروڵای كوشت و رێگری لە داگیركردنی جەلیل كرد، كۆنترۆڵی چەند ناوچەیەكی لبنانمان كرد كە حزبوڵا لەوێوە هەڕەشەی لە ئیسرائیل دەكرد.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل