دوای راگەیاندنی رێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران لەسەر وەستانی شەڕ، شارەزایان پێیان وایە رێككەوتنەكە تەنیا بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەست و كردنەوەی گەرووی هورمزە، تەواوی بابەتەكانیتر دوا خراون، میسال ئالووسی سیاسەتوانی دێرینی عێراق ئاماژە دەكات كە ململانێی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران زۆر قووڵتر و مەترسیدارترە لە تەنیا رێككەوتنێك بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەست.
ئالووسی گوتی، ئەوەی لە نێوان واشنتن و تاران هاتە راگەیاندن تەنیا درێژكردنەوەی ئاگربەستە و دۆسیە سەرەكییەكان هێشتا لە تاوتوێكردندان، ئەمەریكا 60 رۆژ بواری بە رژێمی ئێران داوە بۆ سەلماندنی نیازپاكی و دەرخستنی توانای بۆ ئەوەی ببێتە رژێمێكی باش لە ناوخۆ و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتی و بۆ ئاسایشی ناوچەكە.
دووپاتی كردەوە، داواكارییەكانی ئەمەریكا نەگۆڕاوە، كە بریتین لە بەرنامەكانی ئەتۆمی و مووشەكی و مافی مرۆڤ و سروشتی رژێمی ئاسایشی ناوخۆیی و رۆڵی لە عێراق و لبنان و یەمەن و كەنداو، هاوكات ئەو ماوەیەی بە ئێران دراوە، تاقیكردنەوەیە بۆ حكوومەتی نوێی عێراقیش، بۆ دەرخستنی توانای بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و كاراكردنی رۆڵی دادوەری و چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتی فیدراڵی.
ئالووسی دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا قورسایی خۆی لە پشت حكوومەتی عەلی زەیدی داناوە و رێگە بە ئێران نادات بۆ شكستپێهێنانی یان بە میلیشیاكان بۆ خۆسەپاندنیان بە هاوشێوەی حكوومەتەكانی پێشووی عێراق، ئەمەریكا دەیەوێ دەوڵەتی عێراق سەركەوتوو بێت و هاوبەشیی بەغدا و هەولێر بەهێزتر بێت، بۆیە رێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران رەنگە هەلێكی ئەرێنی بێت، بەڵام ئەگەر هەیە ببێتە سەرەتای كۆتاهاتنی ئەو رژێمە سیاسییەی هەیە، ئەگەر ئێران و میلیشیاكانی لە ماوەی 60 رۆژەكە لە دەستوەردان و كاریگەری لە سەقامگیریی عێراق بەردەوام بن.