كەسێكی سەربە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە ئاژانسی بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كراوە جگە لە نەهامەتی و هەڵاوسانی زیاتر و زیانی ئابووری هیچ سوودێكی بۆ خەڵك نییە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران، ماڵپەڕی
بی بی سی بەریتانی راپۆرتێكی شیكاری بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەكات، دەسەڵاتی ئێران هەوڵ دەدات پروپاگەندەی سەركەوتن بڵاو بكاتەوە، بەڵام لەمەدا بە ئاسانی سەركەوتوو نابێت، چونكە ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كراوە ئێرانییەكانی بۆ چەندان بەرە دابەش كردووە. تەنانەت لەناو دەسەڵاتی ئێران هەموو بۆچوونی پێچەوانەی یەكتر هەیە.
راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، ئەوانەی بانگەشەی سەركەوتن دەكەن لەوانە مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پاساویان ئەوەیە، ئەمەریكا و ئیسرائیل لە هێرشەكانیان هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوە، بۆیە سەركەوتن بۆ ئێرانە.
لە بەرانبەردا بۆچوونێكی تر هەیە پێی وایە ئێران بەو رێككەوتنە سازشی بۆ ئەمەریكا كردووە، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەرلەمان وەك بی بی سی ئاماژەی بۆ كردووە، یەكێكە لەو كەسانەی كە پێی وایە ئێران بەو رێككەوتنە دەبێتە ناوچەیەكی داگیركراوی ئەمەریكا.
بی بی سی بۆچوونی كەسێكی سەربە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیشی بڵاو كردووەتەوە، كە نائومێدی ئەو خەڵكانە دەردەخات چاویان لە گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران بووە، بەڵام ئەم رێككەوتنە هیچ شتێكی لەم جۆرەیان بۆ دەستبەر ناكات. ئەو كەسە لە سەرەتای لێدوانەكەی بۆ ئاژانسە بەریتانییەكە پرسیاری ئەوە دەكات، ئەگەر كردەی سەربازی ئەمەریكی دژ بە ئێران دەسەڵاتی ئێرانی نەگۆڕیوە، ئەی دەسكەوتی چی بووە و چ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی ئێران كراوە، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی ئێران دەڵێ، "هیوامان گۆڕینی رژێمی دەسەڵات بوو، بەڵام جیا لە نەهامەتی و هەڵاوسان و زیانی مادی هیچ سوودێكی تری بۆ خەڵك نییە".
بی بی سی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، جەنگ و سزا سەپێنراوەكانی سەر كەشتیوانی ئێران و نەگەیشتنی نەوتی ئێران بە بازاڕەكانی نەوت، بێتوانایی ئێران لە دەستگەیشتن بە دراوی بیانی، هەروەها هەڵاوسانی بەردەوام هەموو ئەو بابەتانە هۆكارن بۆ ئەوەی ژیانی ئێرانییە ئاساییەكان خراپتر بكات. بی بی سی دەڵێ، "بۆ زۆر لە خێزانە ئێرانییەكان پرسیار ئەوە نییە ئاخۆ رێككەوتنەكە سەركەوتنە یان نا؟ بەڵكو پرسیار ئەوەیە ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخ و كەمكردنەوەی مەترسی هەڵگیرسانی گەڕێكی نوێی جەنگ لە ئێران یان نا؟