ترەمپ: ئێرانییەكان لە بیریان چووە من قاسم سلێمانیم لەناو برد

:: PM:02:38:17/06/2026 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، "ئێرانییەكان ئەوەیان لە بیر كردووە من قاسم سلێمانی و هێزی بەرگریی ئێرانمان لە ناو برد. ئەگەریش پابەند نەبن بە یاداشتی لێكتێگەیشتن، ئەوا جارێكی تر هێرش دەكەینە سەر ئێران".

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ لە كاتی دیدارێكی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر باسی لەوە كرد، ئێرانییەكان كە باسی ئەو و ئەمەریكا دەكەن، لە بیریان چووە كە كێ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانی لەناو بردووە، ترەمپ گوتی، "ئەوان بیریان چووە كە من قاسم سلێمانیم لەناو برد".

لەسەر رێككەوتنەكەیش گوتی، "ئەمە تەنیا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنە و ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، ئەوا ئەمەریكا جارێكی تر هێرش دەكاتە سەر ئێران".

ترەمپ هەر لەبارەی ئێران گوتی، "هیچ پابەندبوونێكی داراییمان لە بەرانبەر ئێران نییە و دەستبەجێ دەست بە سووككردنی سزاكان ناكرێت".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل