لێدوانی مایك هاكابی باڵوێزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل بە پێچەوانەی بۆچوونی سەرۆكی وڵاتەكەی لێدوان دەدات و دەڵێ، "ئەگەر ئیسرائیل نەبووایە ئەمەریكا بوونی نەدەبوو".
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران، ماڵپەڕی
ئیرەم نیوزی ئیماراتی بڵاوی كردووەتەوە، سیاسەتمەدار و نووسەر و رۆژنامەنووسانی ئەمەریكا لە باڵوێزی وڵاتەكەیان لە ئیسرائیل تووڕەن، ئەویش بەهۆی لێدوانێك كە لە میانەی كۆنگرەیەكی تایبەت بە كولتووری جوو بەڕێوە چووە.
هاكابی لە لێدوانێكی لە كۆنگرەكەدا گوتوویەتی، "ئەگەر ئیسرائیل نەبووایە ئەمەریكا بوونی نەبوو، بنەمای دەوڵەتی ئەمەریكا كولتووری جووە". ئەمەیش پێچەوانەی لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە كە لە چەندان بۆنەدا گوتوویەتی، "ئەگەر ئەمەریكا نەبووایە ئیسرائیل بوونی نەدەبوو".
بۆیە ئەوانەی لە لێدوانەكەی هاكابی تووڕەن داوا دەكەن لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە. پێشتریش بە هۆی لێدوانەكانی كە بە توندی لایەنگریی ئیسرائیل دەكات، وڵاتان ناڕەزاییان لە بەرانبەر هاكابی خستووەتەڕوو و داوایان لە ئەمەریكا كردووە، لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات.