رۆژنامەی ئێندپێندنتی توركی زانیارییەكی نوێی بڵاوكردووەتەوە و باس لەوە دەكات كە پەكەكە بە هەزاران ئۆپراسیۆنی سەربازیی هەڵنەوەشایەوە، بەڵام بە پلانێكی هەواڵگری توركیا "میت" هەڵوەشایەوە. پەنجەیشی لەسەر ئەوە داناوە كە "خاڵی سەرەكی ئەو پلانە دروستكردنی دووبەرەكی بووە لەناو سەركردایەتی پەكەكەدا".
رۆژنامەی
ئێندپێندنتی توركی و ماڵپەڕی
تورك پرێس، لەو ڕاپۆرتەدا باس لە وردەكاریی ستراتیجیەتی میت دەكەن، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە. لە سەرەتای راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، سەتان ساڵە پلانی هەواڵگریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوە توندڕەوەكان "رۆژنامەكە بە تیرۆریست ناوی بردون" ئەوەیە، یان دەبێت بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لەناو بچن، یاخۆ بە دانوستاندن هەڵبوەشێنەوە.
بەڵام وەك ئەو دوو میدیا توركییە دەیخەنە ڕوو، ئەوەی هەواڵگریی توركیا لە دژی پەكەكە پێڕەوی كردووە، ستراتیجیەتی سێیەمە كە بریتییە لە هەڵوەشانەوەی رێكخراوەكە لە ناوەخۆدا.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، "پارتی كرێكارانی كوردستان درێژترین ئەزموونی تەناهی توركیا بوو، زۆرترین خەرجی خستە ئەستۆی دەوڵەت، سەرەڕای هەزاران ئۆپراسیۆن، پەكخستنی سەدان فەرماندە، خەرجكردنی پارەیەكی زەبەلاح، كەچی پەكەكە مایەوە".
دواتر دێتە سەر پێكهاتەی پەكەكە و دەڵێ، "ئەو ڕێكخراوە لەسەر سێ بنەما وەستاوە، ئایدیۆلۆجیا، تۆڕی لۆجیستی و تەونی ئامادەكردنی كادر یان بە كارخستنی توانای مرۆیی" ئاماژەی بەوەیش داوە، هەر یەكێك لەمانە دەكرێ هاك بكرێن، بەڵام زوو شوێنیان پڕ دەكرێتەوە و ئەوە وایكردووە پەكەكە بەردەوام بێت.
وەك ڕۆژنامەكە دەڵێ، "میكانیزمەكانی هەواڵگری توركیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، چوار میكانیزمی پێڕەو كردووە: لەناوبردنی زنجیرەی متمانە لە نێوان ئەندامەكانیدا، چڕكردنەوەی گوشارەكان لە هەموو لایەكەوە بۆ نەهێشتنی كەناڵی پێوەندی،پەكخستنی توانای بەرهەمهێنانی كادر یان رێگرتن لە بەكارخستنی توانای مرۆیی و دواخاڵیش دووبەرەكی و دروستكردنی هاودژیی بووە لەناو سەركردایەتی رێكخراوەكەدا.
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو پەكەكە لە كۆنگرەیەكدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، بە شێوەیەكی سیمبولی چەكی دانا و دووپاتی كردەوە كە دەچێتە پرۆسەی ئاشتییەوە، ئەم هەنگاوەیش لەلایەن توركیاوە بە "پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر" ناو برا.
ئێستە لە پەرلەمانی توركیا كۆمسیۆنێكی تایبەت گەڵاڵەی پرۆژەیاسایەك دەكات بۆ بە فەرمیكردنی ڕێككەوتنەكە، بەڵام سستییەك بە پرۆسەكەوە دیارە.
لە بەرانبەردا سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل داوای گەرەنتی و یاسایەك دەكات بۆ پاراستنی ئەو سەركردە و كادرانەی دوای پرۆسەكە دەچنەوە ناو توركیا.
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی ڕێكخراوەكە، لایەنێكی سەرەكی ئەم پرۆسەیە كە خۆی بە "ئینتگراسیۆن" ناوی ڕۆشتووە و بەبێ ماف و پێگەی نەتەوەیی، جەخت لە تێكەڵبوون و مافی كولتووری بۆ كورد لە توركیا دەكات.