ئەمڕۆ بەرپرسێكی باڵای ئێران رای گەیاند كە عێراق بەشێك دەبێت لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردن و ماڵئاواییكردنی جەماوەری لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری كوژراوی ئێران، سەرچاوەیەكی نزیك لە باڵوێزخانەی ئێران لە عێراق دووپاتی كردەوە كە تەرمی خامنەیی لە قومەوە دەهێنرێتە نەجەف و دواتر كەربەلا و جارێكی تر لە نەجەفەوە بەرەو شاری مەشهەد بەڕێ دەكرێتەوە.
بەپێی
سەرچاوەكە، بڕیارە لە 8ی تەمووزی داهاتوو، تەرمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای پێشووی ئێران لە شاری قوم لە ئێران رەوانەی شاری نەجەف دەكرێت، لە فڕۆكەخانەی نەجەف رێوڕەسمی پێشوازیكردنی بۆ رێك دەخرێت و لەوێوە بۆ حەرەمی عەلەوی دەگوازرێتەوە بۆ رێوڕەسمی سەردان و ماڵئاوایی، دوای ئەوە كەژاوەكە دەچێتە كەربەلا و تەرمەكەی دەبردرێتە شەقامی عەباس و ناوچەی دوو حەرەمە پیرۆزەكان، كە رێوڕەسمێكی فرەوانی جەماوەری بۆ ساز دەكرێت، ئینجا دەهێنرێتەوە فڕۆكەخانەی نەجەف و بەرەو شاری مەشهەد لە ئێران بەڕێ دەكرێت.
دوای ئەوەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە 28ی شوباتی رابردوو لەگەڵ پۆلێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسدارانی ئێران كوژرا، بەهۆی بەردەوامیی شەڕەوە تا ئێستە نەتوانراوە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی بۆ ساز بكرێت، بەرپرسێكی ئێران ئاماژە دەكات كە رێوڕەسمەكە لە 8ی تەمووزی داهاتوو لە عێراقیش دێتە سازكردن.
عەلی رەزا زاكانی عومدەی تاران رای گەیاند كە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە عێراقیش ئەنجام دەدرێت، ئەوەش یەكەمجارە ئەو باسە بكرێت، ئەو بە رۆژنامەوانانی گوت، لە ئێران رێوڕەسمەكە دوو رۆژ دەخایەنێت، 6ی تەمووز لە تاران و 7ی تەمووز لە شاری قوم، لە عێراقیش لە 8ی تەمووزی داهاتوو، دوای ئەوە لە 9ی تەمووز تەرمەكە دەبردرێتە شاری مەشهەد و دوای رێوڕەسمێك لە نزیك مەزاری ئیمام عەلی بن مووسا رەزا دێتە ناشتن.