ترەمپ: سوپای ئەمەریکا بۆ ماوەیەک لە کەنداو دەمێنێتەوە

:: PM:10:44:17/06/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئیدارەکەی بۆ ماوەیەک هێزەکانی سوپای ئەمەریکا لە کەنداو دەهێڵێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ ڕاگرتنی شەڕ.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ڕێککەوتنی ئێران لە 48 سەعاتی داهاتوودا واژوو دەکرێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە بۆ ماوەیەک سوپای ئەمەریکا لە کەنداو جێدەهێڵین.

ترەمپ زیاتر گوتی، ئەگەر وڵاتانی تر مووشەکی بالیستییان هەبێت، نادادپەروەرانەیە کە ئێران هیچ مووشەکێکی بالیستیی نەبێت.

ئەمەریکا و ئێران گەیشتوونەتە "ڕێککەوتنی ئاشتی" کە دەستبەجێ کۆتایی بە سەرجەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت، لە نێویاندا لە لبنان، بڕیاریشە ڕێوڕەسمی واژووکردنەکە لە 19ی حوزەیران لە جنێڤ بەڕێوە بچێت.

پێشتر لەمڕۆ چوارشەمدا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دووپاتی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پێوەندیی نزیکدایە لەگەڵ ئەمەریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ کۆبوونەوەیەک تا تاوتوێی واژووکردنی چاوەڕوانکراوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بکرێت، هەروەها ئاسانکاری بۆ گەیشتنی شاندەکان بۆ سویسرا.

جێی باسە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەم، ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ئێران بە "دیوارێک لە بەردەم چەکی ئەتۆمی" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە گەرووی هورمز دەستبەجێ دەکرێتەوە، پێشبینیشی کرد ئێران پابەندی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بێت و "ئەگەر وا نەکات، دەگەڕێینەوە بۆ بۆردمانکردنی".


وشە - پۆڵا مەحموود