ئەمیر مەعمووری پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای دەكات، تەنیا بە گۆڕینی دوو پیتی ناوی كۆمپانیایەك 53 ملیار دینار براوە، دواتر دەركەوتووە ساختەكاریی لە بەڵگەكان كراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیران،
ئەمیر مەعمووری پەرلەمانتار لە پەیجی خۆی گەندەڵییەك ئاشكرا دەكات و دەڵێ، "یەكێك لە كۆمپانیا بیانییەكان كە كۆمپانیایەكی دروست و سەنگینە، بە بەهای 53 ملیار دینار پڕۆژەی پێدراوە و ئاگاداریش نییە".
مەعمووری روونی دەكاتەوە كە كۆمپانیاكە پڕۆژەیەكی پێ دراوە، ئاگاداریش نەبووە، كاتێك كۆمپانیاكانی تر پیرۆزبایی لێ دەكەن و پێی دەڵێن ئێوە پڕۆژەتان وەرگرتووە و بە ئێمەتان نەگوتووە، ئەوان تووشی شۆك دەبن و دەڵێن، "داوای هیچ پڕۆژەیەكمان نەكردووە".
لە لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت كە پڕۆژەیەك بەناوی ئەو كۆمپانیایە پێشكەش بە حكوومەت كراوە، كاتێك رەزامەندیی دراوە، ئەوانەی پڕۆژەكەیان پێشكەش كردووە، دوو پیتی ناوی كۆمپانیاكە دەگۆڕن و بە كۆمپانیاكەی خۆیان دەدەن.
ئەمیر مەعمووری دووپاتیشی دەكاتەوە كە بە بەڵگە دۆسیەی ئەو گەندەڵییەی لایە.