میدیای ئیسرائیل: بەشێكی پارەكەی ئێران بە حزبوڵای لبنانی دەدرێت

:: AM:11:22:18/06/2026 ‌
میدیای ئیسرائیلی و ماڵپەڕی كەناڵی حوڕەی ئەمەریكی بڵاویان كردووەتەوە، میلیشیای حزبوڵای لبنانی چاوەڕوانی پشكی خۆی دەكات لەو پارەیەی كە بە ئێران دەدرێتەوە، ئەمەیش لبنان و ئیسرائیلی نیگەران كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیران، رۆژنامەی مەعاریف و ماڵپەڕی حوڕەی ئەمەریكی زانیاریی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە، نیگەرانییەكی زۆر لە ئیسرائیل و لبنان هەیە بەهۆی ئەوەی بەشێكی پارە بلۆككراوەكەی ئێران، بە میلیشیاكانی دەرەوەی ئێران بدرێت بەتایبەتی حووسییەكانی یەمەن و حزبوڵای لبنانی.

چاودێرانی سیاسی دووپاتی دەكەنەوە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو پارەیە بدرێتەوە ئێران، ئەوا پشكی حزبوڵایش دەدات، ئەویش لەبری ئەوەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی لبنان بەكاری بهێنێت، ئەوا بە چەكی دەدات و خۆی پێ رێك دەخاتەوە.

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پێشتریش عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران ئەو بەڵێنەی بە حزبوڵا داوە، بۆیە ئەمەیش گەرەنتییەك دەبێت بۆ ئەو میلیشیایە لە وەرگرتنی پارەكە. رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی مەزندەی ئەوەیشی كردووە ئەو پارەیەی بە حزبوڵا دەدرێت بڕەكەی زۆر بێت، چونكە پێشتر میدیای نزیك لە حزبوڵا باسیان لەوە كردووە لە شەڕەكەی ئەو میلیشیایە لەگەڵ ئیسرائیل، تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە و لەو روانگەیش ئەو پارەیەی چاوەڕوانی دەكات، دەبێ زۆر بێت.

تا ئێستە هیچ بەرپرسێكی ئەمەریكی باسی لەوە بابەتە نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران لە ماوەی رابردوودا دووپاتیان كردووەتەوە، دۆسیەی حزبوڵایش بەشێكە لە كارنامەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا، ئەو پارەیەی كە چاوەڕوانیش دەكەن لە ئەمەریكای وەربگرنەوە 24 ملیار دۆلارە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل