حەیدەر كازم متێری پەرلەمانتاری عێراق بە بەڵگەوە ئاشكرای دەكات، چەندان تیرۆریست بە ناوی شەهید لە بابل تۆمار كراون و مووچەی مانگانە بە كەسوكاریان دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیران، حەیدەر كازم متێری لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك، چەندان بەڵگەی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاشكرا كراوە، چەندان تیرۆریست لە عێراق وەك شەهید تۆمار كراون و لە دامەزراوەی شەهیدان مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، "یەكێكیان دیارترین فەرماندەی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە بووە و كەسوكارەكەی 15 ساڵە مووچەی شەهیدانە وەردەگرن، هەروەها چوار كەسی تریش كە سەربە داعش بوون، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و بە كەسوكاریان دەدرێت.
حەیدەر كازم دووپاتیشی دەكاتەوە، هەموو ئەمانە لەلایەن لیژنەی پێداچوونەوەی شەهیدان ئاشكرا كراون و لادراون، هەر هەمووشیان خەڵكی بابلن.