سەرچاوە ئیسرائیلییەكان بە دووری دەزانن موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشداریی لە رێوڕەسمی ناشتنی عەلی خامنەیی باوكی بكات، لە مەترسی ئەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بكرێتە ئامانج.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیران،
سەرچاوە ئیسرائیلییەكان باسیان لە ئەگەری بەشداربوونی موجتەبا خامنەیی كردووە، لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی باوكی كە لە چواری تەمووزی داهاتوودا دەست پێ دەكات و چەند رۆژێك دەخایەنێ.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی پرسیاری لەبارەی بەشداربوونی موجتەبا ورووژاندووە و دووپاتی كردووەتەوە، لە ترسی ئەوەی نەك ئیسرائیل یان چەند بازنەیەكی سەربە ئۆپۆزسیۆنی هەوڵی لەناوبردنی بدەن، بە دوور دەزانرێت موجتەبا لە رێوڕەسمەكە بەشدار بێت.
بەڵام هاوكات هەر میدیای ئیسرائیلی پێشبینیی ئەوە دەكات، ژمارەی بەشداران لە رێوڕەسمەكە دوو هێندەی رێوڕەسمی ناشتنی ئایەتوڵا خومەینی رابەری یەكەم بێت، تەنانەت دەڵێن لەوانەیە ژمارەی بەشدارانی رێوڕەسمی ناشتنی خامنەیی نزیكەی 20 ملیۆن كەس بێت. لەبارەی رۆژی رێوڕەسمەكەیش میدیای ئیسرائیل پێی وایە بە هەڕەمەكی دانەنراوە، بەڵكو هاوكاتە لەگەڵ رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریكا.
عەلی خامنەیی رابەری دووەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لە دایك بووە و ئەمساڵ لە 28ی شوبات لە هێرشێكی ئیسرائیل لە تاران كوژرا.