بەنگین رێكانی: ئەو پێشێلكارییەی لە فڕۆكەخانەی بەغدا دەكرێت لە دنیادا نموونەی نییە

:: PM:01:33:18/06/2026 ‌
بەنگین رێكانی وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە عێراق دەڵێ‌، "لە فڕۆكەخانەی بەغدا یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەكرێت، بەشێوەیەك هەر لایەنێك بۆ خۆی هۆڵێكی ڤی ئای پی داناوە".

بەنگین رێكانی لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی شەرقیە ئاشكرای دەكات، ئەوەی لە فڕۆكەخانەی بەغدا دەگوزەرێت، پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییە كە لە دنیادا نموونەی نییە، ئەویش بوونی هۆڵی ڤی ئای پییە كە چەندان لایەن ئەو جۆرە هۆڵەیان هەیە و تا ئێستە پێنج هۆڵ كراوەتەوە.

رێكانی دەڵێ‌، "هەریەكە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی كۆمار، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دواجاریش حەشدی شەعبی ئەوانە هۆڵی تایبەتیان لە فڕۆكەخانە كردووەتەوە".

 ئەو وەزیرە كوردەی حكوومەتی پێشووی عێراق باس لەوەیش دەكات، چەندان جار سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی لەو پێشێلكارییە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ئەو وێڕای ئەوەی لەگەڵی هاوڕا بووە، بەڵام چارەسەری كێشەكەی نەكردووە. 

بەنگین رێكانی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو دیاردەیە لە دنیادا نموونەی نییە و پێشێلكارییەكی زەقیشە لە یاسای نێودەوڵەتی، چونكە دەبێت لە فڕۆكەخانە یەك هۆڵی ڤی ئای پی هەبێت و ئەویش لە دەرەوەی هۆڵی خەڵك بێت و تێكەڵ بە یەكتر نەبێت.




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل