ئەمڕۆ لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی فرەوانی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگەكانی عێراق و دەستەی گشتیی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، فالح ساری وەزیری دارایی دووپاتی كردەوە كە یەكخستنی سیستم و رێوشوێنە گومرگییەكان لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی ستراتیجییە لە كاروانی چاكسازی ئابووریدا.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق، لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی لەگەڵ هەردوو دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی لایەنە پێوەندیدارەكان بەو كەرتەوە بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدای جیهانی لە ناوەندە گومرگییەكانی سەر بە هەرێم، ساری باسی لایەنە ئەرێنییەكانی ئەو هەنگاوەی لە زیادكردنی داهاتی نانەوتی و توندكردنی چاودێری لەسەر هاتوچۆی كاڵاكان و رێگرتن لە قاچاغی كرد، جیا لە زیادكردنی دیوەدەری و یەكخستنی داتا و رێوشوێنەكان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.
بەپێی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی لایەنە تەكنیكی و ئیدارییەكانی تایبەت بە سیستمی پێڕەوكراوی ئێستە لە دەروازەكانی حكوومەتی فیدراڵ كرا، جیا لە خستنەڕووی ئەنجامە بەدەستهاتووەكان لە بواری گۆڕانی دیجیتاڵی و ئاسانكردنی رێوشوێنەكان و زیادكردنی چاودێریی ئەلیكترۆنی، لەپاڵ تاوتوێكردنی رێگەكانی یەكخستنی رێوشوێن و داتاكان لە نێوان هەردوولا.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكە كۆنووسێكی هاوبەش هاتە واژووكردن، كە چەند راسپاردە و رێوشوێنێكی پێوەست بە جێبەجێكردنی سیستمەكە لە ناوەندە گومرگییەكانی سەر بە هەرێمی كوردستانی لەخۆ گرتبوو، بەو پێیەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری بێتە رەوانەكردن بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە یاساییە پێویستەكان.