ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، شەپۆلێکی نوێی گەرما لە فڕەنسا بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەیان گەشتی شەمەندەفەر و گۆڕینی سەعاتەکانی دەوام لە قوتابخانەکان یان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی پۆلەکان، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما بگەنە 40 پلەی سیلیزی.
سەرەڕای ئەوەی وەرزی هاوین بەفەرمی پێش ڕۆژی یەکشەم دەست پێ ناکات، بەڵام ئەمە دووەم شەپۆلە کە لە ساڵی 2026دا فڕەنسا دەگرێتەوە، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی لە مانگی ڕابردوودا لە نیوەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە.
ئاستی هۆشداریی پرتەقاڵی کە دووەم بەرزترین ئاستە، لە چواریەکی وڵاتەکەدا ڕاگەیەنراوە، لە نێویاندا پاریس، و دەسەڵاتدارانیش داوایان لە دانیشتووان کردووە کە زۆر وریابن و ئاوی زۆر بخۆنەوە.
دەستەی کەشناسیی نیشتمانیی "میتيۆ فرانس" ڕای گەیاندووە کە پێشبینی دەکات شەپۆلی گەرماکە هەفتەی داهاتووش بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەم یان دووشەم بگاتە لووتکە، کاتێک پلەکانی گەرما دەگەنە 40 پلە، لە نێویاندا لە پایتەختی فڕەنسا.
وەرچەرخانی هاوینە لە ڕۆژی یەکشەمدا، کە درێژترین ڕۆژی ساڵە، بەهۆی دەرکەوتنی خۆر بۆ چەندان سەعاتی زیاتر، دەبێتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
سەرۆک شارەوانییەکانی چەند شارێک لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، کە هێشتا قوتابخانەکانیان بەپێی پێویست ئامادە نەکراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەرمای توند، بڕیار دەدەن کە ئایا دەوامی خوێندن ڕادەگرن یان نا.
چەندان قوتابخانە گۆڕانکارییان لە سەعاتەکانی خوێندندا ڕاگەیاندووە کە لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمەوە بەهۆی شەپۆلی گەرماکەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بەپێی دەسەڵاتە ئەکادیمییەکان، سەندیکاکان و ئەو بەڵگەنامانەی ئاژانسی فرانس پرێس بینیونی.
لە پاریس، نزیکەی 10 قوتابخانە ڕێکارەکانیان بۆ هەردوو ڕۆژی پێنجشەم و هەینی گۆڕیوە، لە شاری توور لە دۆڵی لوار، ئیمانوێل دۆنی سەرۆکی شارەوانی ڕای گەیاند کە ئەگەر گەرماکە زۆر توند بێت، دوودڵ نابێت لە داخستنی 58 دامەزراوەی پەروەردەیی لە شارەکەدا، و گوتی، کاتێک گەرما دەگاتە 40 پلە، قوتابخانەکان دادەخەم.
لە کاتی شەپۆلێکی گەرمادا کە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو وڵاتەکەی گرتەوە، نزیکەی 2200 قوتابخانە لە سەرانسەری فڕەنسا داخران.
کۆمپانیای هێڵی ئاسنی فڕەنسی 71 گەشتی شەمەندەفەری دوورمەودای لە نێوان ڕۆژانی پێنجشەم و دووشەم هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونی ئەگەریی ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەهۆی زۆر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە.
زانایانیش هۆشداری دەدەن لەوەی کە شەپۆلەکانی گەرما لە ئەوروپا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆرتر دووبارە دەبنەوە.