زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە

:: PM:07:07:18/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕای گەیاند، شەوی ڕابردوو 12 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە بە بەرزترین ئاست لە سەرەتای ململانێکانەوە" لەگەڵ ئێران هەژمار دەکرێت.

ڤانس زیاتر گوتی، لە ڕووی سەربازییەوە، ئێرانییەکان بۆ دووەم شەو لەسەریەک تەقەیان لە هیچ کەشتییەک نەکردووە لە گەرووی هورمز، بۆیە تا ئێستە ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیانن.

هەروەها ڕوونی کردەوە، سەبارەت بە گەمارۆی دەریاییش، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕێگەی بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 کەشتی داوە، بەمەش ئێمەش لە ڕووی سەربازییەوە پابەندی بەشەکەی خۆمانین لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئێران تا ئێستە پابەندی ڕێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ ئەمەریکا، هاوکات هۆشداریشی دا کە واشنتن بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت. دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر ئێران بیەوێت پێوەندییەکی ئاساییی جیهانیی هەبێت، دەبێت پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

پێشتر لەمڕۆ پێنجشەمدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە نەوت لە گەرووی هورمزەوە دەستی بە تێپەڕبوون کردووە، و جارێکی تریش دووپاتی کردەوە کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، دوێنێ چوارشەم بە شێوەی ئۆنلاین یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەم هەنگاوە پێش ئەو ڕێوڕەسمە کەوت کە بڕیار بوو لە سویسرا بکرێت، و دەرگەی کردەوە بۆ دانوستانی فراوانتر لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکان لە ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا.


وشە - پۆڵا مەحموود