بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكان چوارچێوەی هاوئاهەنگی زەیدی سەرپشك دەكات

:: PM:07:12:18/06/2026 ‌

دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆبووەوە، لەوانە ئەنجامی سەردانەكەی تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ بەغدا و هەوڵەكانی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی زەیدی و پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، بەپێی سەرچاوەیەك چوارچێوەكە زەیدی بۆ تەواوكردنی وەزارتە بەتاڵەكان سەرپشك كردووە.

بەپێی سەرچاوەكە هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناراستەوخۆ زەیدییان بۆ دیاریكردنی كاندیدی وەزارەتە مشتومڕلەسەرەكان سەرپشك كردووە، لەوانە ناوخۆ و بەرگری و خوێندنی باڵا و پلاندانان، بۆیە بڕیارە لە ماوەی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و تیمەكەی دەست بكەن بە پێداچوونەوە بە ژیاننامەی كاندیدان و تاوتوێكردنی ناوەكان، لەوانەی نوێنەرایەتیی میلیشیاكان ناكەن.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، رێككەوتن كرا لەسەر زیادكردنی وەزارەتی گەشتوگوزار، بۆ رازیكردنی چەند بارستەیەك و پێدانی بەوەی كە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن شایستەترە، لە كۆبوونەوەكە دووپات لە گرنگیی پاڵپشتیكردنی رێنوێنییەكانی حكوومەتی ئێستە كرایەوە لە هەوڵەكانی بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان بەپێی میكانیزم و ماوەیەكی دیاریكراو.

هەروەها كۆبوونەوەكە تاوتوێی وردەكاریی سەردانی تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا بۆ بەغدا كرا، باسی پێشنیازەكانی باراك و لایەنی ئەرێنی هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان كرا بەو شێوەی ببێتە هۆی كۆتاهاتنی تەنگژە قووڵەكان لە عێراق وەك كارەبا و هیتریش، بۆیە بڕیار درا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای پێكهاتوو لە ژمارەیەك وەزیر و شارەزا بۆ تاوتوێكردنی هاوبەشییە پێشنیازكراوەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە باراك باسی كردوون بۆ ئامادەكردنی نووسراوێكی گەرەنتی لە بەرژەوەندی عێراق، كە ببێتە مایەی كۆتاهاتنی تەنگژە دارایی و ژینگەییەكان و دۆسیەی وزە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل