ئێران ڕێکارە نوێیەکانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت

:: PM:10:03:18/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە میکانیزمی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لەگەڵ ئەمەریکادا واژوو کراوە.

ئەنجوومەنەکە ڕوونی کردەوە کە دەبێت سەرجەم کەشتییەکان پێش چوونە ژوورەوە، داواکاریی تێپەڕبوونیان پێشکەش بە دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزی ئێرانی بکەن، بۆ دڵنیابوون لە ڕێکخستنی هاتوچۆی دەریایی بەپێی ڕێکارە پەسەندکراوەکان.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی پێوەست بە ڕێککەوتنە نوێیەکە، یاداشتەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ سەپاندنی هەر باج و ڕسووماتێک لەسەر ئەو کەشتییانە قەدەغە دەکات کە بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن.

ئەنجوومەنەکە زیاتر گوتی، ئێران لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا کرێی تێپەڕبوون لە ئەستۆ دەگرێت، بە جۆرێک کە مسۆگەری بەردەوامیی هاتوچۆی دەریایی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە قۆناغی گواستنەوەدا بکات.

گەرووی هورمز بەیەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیجییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، کە بەشێکی زۆری هەناردەی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وای کردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی وزە و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکارە نوێیانە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئێرانەوە بۆ ڕێکخستنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە گرنگەدا، لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسی و ئابوورییانەدایە کە پێوەندییان بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەوە هەیە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەوانییە لە ماوەیەکی دیاریکراوی گواستنەوەدا.

ئەم هەنگاوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە سایەی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لە میکانیزمی تێپەڕبوون یان ئەو باجانەی دەخرێنە سەر کەشتییەکان، ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت بۆ سەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی و زنجیرەکانی دابینکردنی دەریایی.


وشە - پۆڵا مەحموود