ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دووپاتی کردەوە کە سەرقاڵبوونی بەرپرسانی ئێران بە ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەمەوە، هۆکاری دەستپێنەکردنی دانوستانەکانە لەگەڵ ئەمەریکا لە سویسرا.
ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان لە لێدوانێکدا گوتی، هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم دەستپێکردنی دانوستانەکانی سویسرا نییە، و دەبێت گفتوگۆکان لە ماوەی 60 ڕۆژدا تەواو ببن.
بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە سویسرا بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوای واژووکردنی ڕێککەوتنەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئێراندا.
مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە کۆتایی بە چەند مانگێک لە دانوستانی چڕ و نێوەندگیریی هەرێمی هێنا کە لەلایەن پاکستان و قەتەرەوە بە پاڵپشتیی چەند وڵاتێکی تر بەڕێوە دەچوون.
لە لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەفەرمی لەسەر پەیجی خۆی لە ماڵپەڕی "ترووس سۆشیال" گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، و دووپاتی کردەوە کە لێکتێگەیشتنە نوێیەکە ئامانجی سەرەکیی ئیدارەکەی بەدی دەهێنێت کە بریتییە لە دڵنیابوون لەوەی تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.