ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، بێنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەی توندی لە حزبوڵا کرد کە "باجێکی زۆر قورس" دەدات، هاوکات دووپاتی کردەوە کە فەرمانی بە سوپا داوە بەتوندی لە حزبەکە بدەن دوای ئەوەی ئاگربەستیان پێشێل کردووە.
نەتەنیاهوو لە لێدوانەکانیدا گوتی کە ڕاوێژ و هەڵسەنگاندنی تەناهیی لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالار ئەنجام داوە، و ئاماژەی بەوە دا کە فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل داوە گورزی توند لە حزبۆڵا بوەشێنن، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی ئاگربەستەکە.
زیاتر گوتی، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 80 پێگەی سەر بە حزبوڵای کردووەتە ئامانج، دەیان چەکداری کوشتووە، و هێرشیشی کردووەتە سەر بارەگایەکی سەرکردایەتیی حزبەکە لە ناوچەی بیقاع.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش دا، سوپا بەردەوام دەبێت لە جووڵەکانی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک کە هێزەکانی ئیسرائیل یان خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی هێزەکانی لە ناوچە تەناهییەکانی باشووری لبنان دەهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ پاراستنی شارۆکەکانی باکوور.
پێشتر لەمڕۆ هەینیدا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا فەرماندەی کەتیبەی 52ی لیوای بژاردەی "گفعاتی" هەیە. هاوکات میدیاکان ئاماژەیان بە برینداربوونی 17 سەربازی ئیسرائیلی کردووە لە شەڕەکانی باشووری لبنان.
لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر شارۆکەی تول لە قەزای نەبەتییە لە باشووری لبنان، هەروەها میدیاکان بڵاویان کردەوە کە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی توندی کردووەتە سەر نەبەتییە و گوندەکانی لە لبنان، کە بەهۆیەوە 16 کەس کوژراون.