ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، میدیاکان دەقی نامەیەکی دەنگیی گوماناویان بڵاو کردەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، گوایە لە ڕێگەی بێسیمەوە لەسەر کەناڵی دەریاییی نێودەوڵەتیی ژمارە 16 پەخش کراوە، و تێیدا ڕاگەیەنراوە کە گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و دووبارە کردنەوەشی بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێکی سیاسی و تەناهیی ناوچەیییەوە.
بەپێی دەقە بڵاوکراوەکە، ئەو مەرجانەی باس کراون بریتین لە کشانەوەی ئیسرائیل لە لبنان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی بەتەواوی، و دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کەنداو، کە لە نامەکەدا بە هێزی "تیرۆریست" وەسف کراون.
لە نامە دەنگییەکەدا هاتووە کە داوا لە سەرجەم کەشتییەکان کراوە بۆ سەلامەتیی خۆیان لە گەرووی هورمز نزیک نەکەونەوە، و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی هەر کەشتی یان پارچەیەکی دەریایی کراوە کە سەرپێچیی ئەو ڕێنوێنییانە بکات.
تا ئێستە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمیی سەربەخۆ سەبارەت بە ڕاستیی نامەکە، سەرچاوەکەی یان کاتی پەخشکردنەکەی دەرنەچووە، و هیچ لایەنێکی فەرمیش ڕاستودروستیی ئەم دەنگۆیانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
گەرووی هورمز بەیەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیجییەکانی جیهان دادەنرێت، کە ڕێژەیەکی زۆری هەناردەی نەوت و غازی پێدا تێپەڕ دەبێت.