دوای بنكە ئیسرائیلییەكە... دەركەوت پاسدارانیش لە بیابانی عێراقن

:: PM:06:15:19/06/2026 ‌
جیا لە بوونی موساد شانە نهێنییەكانی پاسدارانیش لە بیابانی عێراق جێگیر كراون

حكوومەتی عێراق: رێگریی لە هەر جموجۆڵێكی لەو شێوەیە دەكەین

سەركردەیەكی میلیشیاكان: ئێمە خۆمان هێرشەكان دەكەین پێویست بە پاسداران ناكات

توێژەرێك: پاسداران بە ئاشكرا لە عێراقن پێویست بە شانەی نهێنی ناكات

دوای ئاشكرابوونی بنكەیەكی سەربازی ئیسرائیل لە بیابانی نەجەف و كەربەلا، ئێستە دەركەوتووە سوپای پاسدارانیش لە بیابانی سەماوە و بەسرە شانەی نهێنی و تایبەتیان هەیە و لەوێوە هێرش دەكەنە سەر وڵاتانی كەنداو، ئاژانسی رۆیتەرز ئەمەی ئاشكرا كردووە، كەچی حكوومەتی عێراقیش دووپاتی دەكاتەوە رێگە بە جموجۆڵی لەم جۆرە نادات.

ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیران ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای كردووە، سوپای پاسدارانی ئێران سێ‌ تا چوار شانەی تایبەتی لە عێراق داناوە و هەر یەكەیان لە 10 چەكداری سوپاكە پێكهاتوون و لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە حەوت جار بە درۆن هێرشیان كردووەتە سەر كوێت و سعوودیە و ئیمارات. ئەو شانە تایبەتانە لە ناوچە بیابانەكانی نزیك بەسرە و سەماوەی باشووری عێراقن، هێرشەكانیش بۆ سەر وڵاتانی كەنداو لە نێوان 20ی نیسان تا 17 ئایاری رابردوو ئەنجام دراون.

سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی لە عێراق لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی رۆژنامەی عەرەبی جەدید روونكردنەوەی لەسەر ئەو راپۆرتەی رۆیتەرز داوە و دەڵێ‌، "سەروەریی عێراق لە سەرووی هەموو شتێك، رێنمایی حكوومەت زۆر روونە رێگریی لە هەر چالاكی و كاری دوژمنكارانە دەكات لەسەر خاكی عێراق ئەنجام بدرێت جا لە هەر لایەك بێت".

وێرای ئەوەی بەرپرسانی عێراق دووپات لەسەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی عێراق دەكەنەوە، كەچی مانگی رابردوو میدیاكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا ئاشكرایان كرد، لە بیابانی نەخیب لە نزیك نەجەف بنكەیەكی نهێنی ئیسرائیل لە 2024 وە بوونی هەبووە، تەنانەت وەك بنكەیەكی ئاسمانی بووە، بۆ پشتیوانی ئەو فڕۆكە ئیسرائیلیانەی هێرش دەكەنە سەر ئێران بەكارهاتووە.

دوای ئاشكرا بوونی دۆسیەی موساد، ئێستەیش لە میدیاكان دۆسیەی بوونی سوپای پاسداران لە بیابانی عێراقدا ئاشكرا بووە.

جیا لێدوانی فەرمی حكوومەتی عێراق، رۆژنامەی عەرەبی جەدید لێدوانی لە بەرپرسێكی میلیشیاكانی عێراق وەرگرتووە، كە دووپاتی كردووەتەوە میلیشیاكان خۆیان بە راشكاوی بەرپرسیارێتی هێرشەكانیان لە ئەستۆ گرتووە، پێویست بەوە ناكات هیچ شانەیەكی نهێنی پاسداران لە عێراق بێت. ئەو بەرپرسەی میلیشیاكان كە ناوی ئاشكرا نەكراوە دەڵێ‌، "هەر میلیشیایەكی عێراق تیمێكی تایبەتی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان هەیە".

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەكەن بوونی میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق وا دەكات ئاشكرابوون یان باسكردنی شانەی نهێنی پاسداران گرنگییەكی ئەوتۆی نەبێت. چونكە ساڵانێكە پاسداران راوێژكاری تایبەتی بۆ هاوئاهەنگی و سەرپەرشتی میلیشیاكان داناوە. عەبدوڵا ركابی توێژەر لە كاروباری عێراق بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێ‌،"سوپای پاسداران پێوەندی لەگەڵ میلیشیا و لایەنە عێراقیەكان هەیە، نوێنەری هەیە لە عێراق ەناوی راوێژكار، بۆیە پێویستی بەوە نییە شانەی نهێنی هەبێت، لە پێناو هەر جۆرە هێرشكردنێك، بە تایبەتی دەزانین بابەتی رێگرتنیان لەلایەن هێزە عێراقییەكان بوونی نییە، بۆیە پێویست بەوە ناكات باس لە شانەی نهێنی بكرێت".

روكابی لە كۆتایی لێدوانەكەیشی دەڵێ‌، "جەنگ راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر عێراق هەبووە، ئەو میلیشیانەی چوونە ناو شەڕەوە هەموویان ناسراون بەوەی سەربە ئێرانن، ئۆپراسیۆنەكانیان بڵاوكردووەتەوە و بە بەیاننامە بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆ گرتووە، لە نموونەی كەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا، ئەوفیا، سەید شوهەدا".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل