هەستە مرۆییەكەی هەڵەبجە بە دنیا گەیشت

:: PM:07:22:19/06/2026 ‌
ئەو هەستە مرۆییەی هەڵەبجەییەكان بۆ مردنی كچە كەربەلاییەكیان دەربڕی لە میدیای دەرەوە باس دەكرێت و لەوانە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌، "روقیە ئەو كیژۆڵەیەی كەربەلا بوو كە هەڵەبجە بە گوڵ ناشتی".

ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیران رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لە مردنی روقیە دەكات ئەو كیژۆڵە گەشتیارەی كەربەلا كە لە ئەحمەدوا لە نۆی ئەم مانگە خنكا. رۆژنامەكە ئاماژەیەكی كورتی بەوە كردووە ئەمڕۆ ئەو كیژۆڵەیە لە كەربەلا نێژرا، تەواوی راپۆرتەكە باس لە هەڵوێستی مرۆیی خەڵكی هەڵەبجە و سەید سادق و ناوچەكانی تر دەكات كە هاوخەمیان بۆ رووداوەكە دەربڕیوە.

هەر لە ناونیشانی راپۆرتەكە دەردەكەوێت كە ستایشی هەڵوێستی هەڵەبجەییەكان دەكرێت، ناونیشانەكەی بەم شێوەیەیە "روقیە دڵی عێراقییەكانی تەنگ كرد، ئەو كێژۆڵەیەی كەربەلا كە هەلەبجە بە گول ناشتی".

لە وردەكاریی راپۆرتەكەیش باس لەوە كراوە، ئەو هاوسۆزییەی كە خەڵكی هەڵەبجە و خورماڵ بۆ كەسوكاری روقیەیان دەربڕی، ئەمە بووە هۆی ئەوەی رووداوەكە ببێتە بابەتێكی رای گشتی، بە تایبەتی ئەو رێوڕەسمەی كە لە سەر ئاستی فەرمی و جەماوەری بۆ بەڕێكردنی تەرمەكە كرا، كە بە سەتان كەس لە سەر شەقامەكان بە گولەوە وەستابوون بۆ ماڵئاوایی لە تەرمەكە و هاوسۆزی بۆ كەسوكارەكەی.





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل