میدیای عێراقی ئاشكرای دەكات ژمارەی ئەو بەرپرسانەی لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دوور دەخرێنەوە بۆ 100 بەرز دەبێتەوە، رۆژنامەی شەرق ئەوسەتیش ئاشكرای كردووە، جگە لە هۆكاری ناوخۆیی ئەمەریكایش هۆكارە لە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانە.
ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیران چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە عێراق بە ماڵپەڕی
شەفەق نیوزیان راگەیاندووە، ژمارەی ئەو بەرپرسانەی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دوور دەخرێنەوە بۆ 100 بەرز دەبێتەوە و تا ئێستەیش نزیكەی هەشت بەرپرس لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە.
بەرپرسێكی ئەمەریكیش كە ناوی ئاشكرا نەكراوە لێدوانی بۆ ماڵپەڕەكە داوە و باسی لەوە كردووە، حكوومەتی عێراق بە تەواوی ئامادەكاریی نیشان داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گرووپی كاری دارایی نێودەوڵەتی كار بكات بۆ ئەوەی بەرەنگاری تاوانی پارەداریكردنی تیرۆر و سپیكردنەوەی پارە ببێتەوە. بۆیە بەگوێرەی خوێندنەوەی میدیاكانی عێراق ئەو هەواڵانەی زەیدی وەك بەشێك بێت لەو ئامادەكارییە.
لەسەر هەمان بابەت رۆژنامەی
شەرق ئەوسەت سەبارەت بە هۆكاری دوورخستنەوەی بەرپرسانی عێراق راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و باسی لەوە كردووە، جیا لە هۆكاری ناوخۆیش، دەستی ئەمەریكایش لەو بابەتە هەیە، لەوانەیشە ئەو كارەی زەیدی جیا لە رێكخستنەوەی پۆستە هەستیارە دارایی و تەناهییەكان، بۆ دڵنیاكردنەوەی واشنتن بێت، بە تایبەتیش دەزانرێت تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە هیچ ناڕەزاییەكی لەسەر ئەو هەنگاوەی زەیدی دەرنەبڕیوە.
دوێنێ بە بڕیاری زەیدی بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، پارێزگاری بانكی ناوەندی، سەرۆكی دەستەی داد و لێپرسینەوە، لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە و كەسانی تر دانران. ئەمڕۆیش هەر یەكە لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق و راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی عێراق بۆ كاروباری دەروازە سنوورییەكان لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە.