دژی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران لە ناوخۆی ئەمەریكا ناڕەزاییەكان پەرە دەستێنن

:: AM:08:29:20/06/2026 ‌
دوای واژووكردنی ئەلیكترۆنی یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن، دەنگی ناڕەزایی لە ناوخۆی ئەمەریكا دژی ئەو یاداشتە بەرز بووەتەوە و كۆنگرێسمانانی پارتی كۆماری و دیموكراتەكان، بە توندی ڕەخنە ئاراستەی لێكگەیشتنەكە دەكەن.

تێد كرۆز سیناتۆری كۆمارییەكان كە ترەمپیش سەربە هەمان حزبە، ڕەخنەی توندی لە یاداشتەكە گرت و گوتی، بەخشینی ملیاران دۆلار بە تۆندڕۆكان كارێكی باش نییە. بڕوای خۆیشی دەربڕی كە حكوومەتی ترەمپ بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناكات.

لەلایەكی ترەوە گرووپەكانی پشتیوانی ئیسرائیل دەستیان بە گوشار دروستكردن لەسەر واشنتن كردووە، لیژنەی كاروباری گشتیی ئەمەریكی- ئیسرائیل "ئایپاك" لەوبارەیەوە دووپاتی كردەوە، بەخشینی دەسەڵات و پێگەی زۆر بە تاران لە ڕێگەی یاداشتی لێكگەیشتنەوە كارێكی دروست نییە، سەرەڕای ئەوەی لە یاداشتەكەدا باس لە بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران و پشتیوانیی تاران لە گرووپە چەكدارە بریكارەكانی لە ناوچەكە ناكات.

ئەمەیش لە كاتێكدایە كە توندڕۆكانی ناوخۆی ئێرانیش دژی ڕێككەوتنن لەگەڵ ئەمەریكا، دەیانەوێ تاران بەردەوام بێ لە دەستگرتن بەسەر گەرووی هورمز و بەرنامەی ناوكی، نابێ سازش لەسەر ئەوانە بكات و وەبەرهێنان لەسەر ئەو دوو دۆسیەیە بكات، ئەمە بە مانای سەركەوتنی تەواوەتی دێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د